رووداو-تەندروستی
توێژەرێکی کیمیا هۆشداری دەدات لە بەکارهێنانی ئەو کوپە سەفەرییانەی کە لە کاخەز دروستکراون و رایدەگەیێنێت، مادەیەکی مەترسیداریان تێدایە کە زیان بە تەندروستیی مرۆڤ دەگەیێنێت.
ئاوات عەلی، توێژەری کیمیا لە وڵاتی سوێد دەڵێت، ئەو جۆرە کوپ و قاپانە مادەی "پیفاس"یان تێدایە، کە بە "مادە کیمیاییە هەمیشەییەکان" ناسراون، چونکە لە ژینگەدا شی نابنەوە و کاتێک دەچنە نێو جەستەی مرۆڤەوە، چەندین کێشەی تەندروستی دروستدەکەن، وەک تێکچوونی هۆڕمۆنەکان و نەخۆشییەکانی گورچیلە و جگەر.
ئاوات عەلی، روونیدەکاتەوە ماددەی پیفاس بە ئاسانی لە رێگەی شلەمەنییەکانەوە، بەتایبەتی خواردنەوە گەرمەکانی وەک قاوە و چا، دەگوازرێتەوە بۆ نێو جەستە.
لە کۆتاییدا، ئاوات عەلی رێنمایی دەدات کە لەبری کوپی کاخەز، کوپی شووشە یان سیرامیک بەکاربهێنرێت بۆ پاراستنی تەندروستی.


