رووداو-تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێ لە ئەمریکا دەریخستووە کە پشکنینێکی خێرا و سادەی چاو دەتوانێت پێشبینیی ئەوە بکات منداڵی پێشوەختە لەدایکبوو لە داهاتوودا کێشەی گەشەی مێشکی دەبێت یان نا.
توێژەرانی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی دیوک، سەرنجیان لەسەر تۆڕی چاو (retina) بووە، کە شانەیەکی هەستیارە بە رووناکی و دەکەوێتە بەشی پشتەوەی چاو، لەبەرئەوەی تۆڕی چاو بەشێکە لە کۆئەندامی دەماری ناوەندی و هاوشان لەگەڵ مێشکدا گەشە دەکات، پشکنینی رێکخستنەکەی دوای ماوەیەکی کەم لەدایکبوون، دەتوانێت زانیاریی گرنگ لەبارەی گەشەی مێشکەوە بدات بەدەستەوە.
پرۆفیسۆری د. سینسیا تۆس، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە و نەخۆشییەکانی چاو لە زانکۆی دوک دەڵێت، " ئامێری دەستیی وێنەگرتنی تۆمۆگرافیی یەکگرتووی بینایی (OCT)یمان بەکارهێناوە، کە وێنەی ورد بە بەکارهێنانی تیشکی ژێر سووری سەلامەت دەگرێت، پشکنینەکە خێرا و بێ ئازارە و دەتوانرێت لەکاتی پشکنینە ئاساییەکانی چاودا ئەنجام بدرێت."
پرۆفیسۆری د. سینسیا تۆس ئاشکرای دەکات "لەرێگەی ئەم پشکنینەوە،دەتوانرێت تایبەتمەندییەکانی وەک ئەستووریی چینەکانی تۆڕی چاو هەڵبسەنگێنن، کە پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ جووڵە و رەفتاری منداڵدا هەیە لە تەمەنی دوو ساڵیدا، ئەمەش رێگە خۆش دەکات بۆ دەستوەردانی زووتر و باشترکردنی داهاتووی تەندروستیی منداڵەکە"


