رووداو- تەندروستی
لە رێوڕەسمێکدا لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بەردی بناخەی کارگەیەک بۆ پیشەسازیی دەرمان دانرا، پڕۆژەکە بە گوژمەی 22 ملیۆن و 250 هەزار دۆلار جێبەجێ دەکرێت و بڕیارە لە ماوەی 36 مانگدا تەواو ببێت و دەست بە بەرهەمهێنان بکات.
د سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمەکەدا رایگەیاند، "ئەمە یەکێکە لە پڕۆژە گرنگ و ستراتیجییەکان لە هەرێمی کوردستان و بەشێکە لە چاکسازییەکانی حکومەت لە کەرتی تەندروستیدا."
وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەشکرد کە پڕۆژەکانی کەرتی تەندروستی رۆژ بە ڕۆژ بەرەوفراوانبوون و بەرەوپێشچوون دەچن.
سەبارەت بە بازاڕی دەرمان لە هەرێمی کوردستان، د. سامان بەرزنجی گوتی، "99%ی ئەو دەرمانانەی لە هەرێمی کوردستان بەردەستن، رێکارە یاساییەکان دەبڕن و دواتر دەکەونە بازاڕەوە."
د. سامان بەرزنجی باسی لە هەرزانبوونی نرخی دەرمان کرد و رایگەیاند، "لە ساڵی 2024 بڕی 239 ملیار دینار داشکاندن بۆ دەرمان کراوە و بۆ ساڵی 2025ش نزیکەی 56 ملیار دینار داشکاندنی دیکە کراوە،"
لە کۆتایدا د. سامان بەرزنجی جەختی لەوە کردەوە "دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان بەرەو هەرزانی چوون."


