رووداو-تەندروستی
بۆ یەکەمجار لە ماوەی زیاتر لە 100 ساڵدا، دەرمانێک کە سەرەتای تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرەی جۆری 1 دوادەخات، لەلایەن ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانی لە بەریتانیا (NHS) پەسندکرا.
دەرمانی تێپلیزوماب (Teplizumab)، کە بە ناوی بازرگانیی تزیێڵد (Tzield) لەلایەن کۆمپانیای سانۆفی (Sanofi) بەرهەمدەهێندرێت، سیستمى بەرگریی جەستە رادەهێنێت هێرش نەکاتە سەر خانەکانی پەنکریاس، لە رێگەی دەرزییەوە بۆ ماوەی 14 رۆژ لەسەریەک دەدرێت و نیشانەکانی قۆناخی سەرەتایی نەخۆشییەکە بۆ ماوەی نزیکەی سێ ساڵ دوادەخات.
ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانی لە بەریتانیا (NHS)، رەزامەندیی لەسەر بەکارهێنانی دەرمانەکە بۆ گەورەساڵان و منداڵانی تەمەن 8 ساڵ و سەرووتر داوە کە لە مەترسیی تووشبووندان، ئەمەش دەرفەتیان پێدەدات بۆ ماوەیەکی درێژتر ژیانێکی ئاساییتر بژین.
د. ئەلیزابێس رۆبەرتسن، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە رێکخراوی خێرخوازیی Diabetes UK رایگەیاند: "پەسندکردنی تێپلیزوماب سەرەتای سەردەمێکی نوێیە لە چارەسەری شەکرەی جۆری 1، بۆ یەکەمجار لە ماوەی 100 ساڵدا دەرمانێک هەیە کە هۆکاری سەرەکیی نەخۆشییەکە دەکاتە ئامانج."
شەکرەی جۆری 1 نەخۆشییەکی درێژخایەنە و زۆربەی کات لە منداڵی یان هەرزەکاریدا دەردەکەوێت، کە تێیدا پەنکریاس بڕێکی کەم ئەنسۆلین بەرهەمدەهێنێت یان هەر بەرهەمی ناهێنێت، تاکە چارەسەری بەردەست بۆ ئەم نەخۆشییە لە ماوەی 105 ساڵی رابردوودا، ئەنسۆلین بووە کە تەنیا جێگرەوەی ئەو هۆرمۆنەیە کە جەستە پێویستی پێیەتی.

.png&w=3840&q=75)

