رووداو - تەندروستی
داهێنانێکی نوێی رۆبۆتی لە پەیمانگەی تەکنەلۆژیای ماساچوسێتسی ئەمریکا وا لە مرۆڤ دەکات دەستی سێیەم و چوارەمی هەبێت، تەنانەت بشتوانێت کارێک لە دووریشەوە بێت، بیکات و دەستی بە کەلوپەلە دوورەکانیش بگات.
زانایان مەچەکبەندێکیان پەرەپێداوە کە بە ژیریی دەستکرد کاردەکات و رێگە بە بەکارهێنەران دەدات دەستێکی رۆبۆتی وەکو هی خۆیان کۆنتڕۆڵ بکەن، بەشێوەیەک کە چ جووڵەیەک بکەن، دەستە رۆبۆتییەکەش لاساییان دەکاتەوە.
خوانهی ژاو، پڕۆفیسۆری ئەندازیاریی میکانیکی لە پەیمانگەی تەکنەلۆژیای ماساچوسێتس دەڵێت ''ئێمە مەچەکبەندێکمان پەرەپێداوە کە دەتوانێت بەردەوام چاودێریی جووڵەی دەستت بکات و دواتر ئەو داتایانە بەکاربهێنێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دەستێکی رۆبۆتیی کارامە بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانی رۆژانە وەکو پاککردنەوەی ماڵ و تەنانەت ئەنجامدانی نەشتەرگەریش''.
مەچەکبەندەکە جووڵەی ماسوولکە، ژێ و بەستەرەکانی ژێر پێست تۆمار دەکات، پاشان ژیریی دەستکرد بەکاردەهێنێت بۆ وەرگێڕانی ئەو خوێندنەوانە بۆ پێدانی جووڵە بە دەستە رۆبۆتییەکە.
خوانهی ژاو، پڕۆفیسۆری ئەندازیاریی میکانیکی لە پەیمانگەی تەکنەلۆژیای ماساچوسێتس دەشڵێت، ''بە بوونی ئەم بڕە زۆرە لە داتا، پێویستمان بە ئەلگۆریتمێکی زۆر کارای ژیریی دەستکرد دەبێت، چونکە ئەمە تەنیا یەک وێنە نییە. بەڵکو هەزاران، تەنانەت ملیۆنان داتای وێنەییە کە بە خێرایی پرۆسێس دەکرێن و دەدرێن بە دەستە رۆبۆتییەکە، تاوەکو بتوانێت هەموو جووڵەیەکی دەستی راستەقینە بکات''.
ئەمە ئەو تایبەتمەندییەشی هەیە کە مەچەکبەندەکە بە بێ تەل بە دەستە رۆبۆتەکەوە بەستراوە، واتە ئەگەر دەستەکە و کەسەکە لە هەمان شوێنیش نەبن، کار دەکەن.


