رووداو دیجیتاڵ
بە نووسراوی فەرمیی وەبەرهێنانی هەولێر، لەبەر کەموکرتی لە جێبەجێکردن، کڕین و فرۆشتن و رێکلامکردن بۆ 35 پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە هەولێر راگیرا تاوەکو ئایاری 2027. قایمقام دەڵێ، لە رێگەی پۆلیسەوە پڕۆژەکان ئاگادار دەکرێنەوە کە دەبێت بڕیارەکە جێبەجێ بکرێ.
نووسراوەکەی وەبەرهێنانی هەولێر لەگەڵ ناوی 35 پڕۆژەی نیشتەجێبووندا لە چوار لاپەڕەی جیاواز و بە ناونیشانی "نهێنی و بەپەلە" و بە ژمارە 151 لە 19-11-2026 دەرچووە و بۆ جێبەجێکردن ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار کراوە.
دەستەی وەبەرهێنانی هەولێر نووسراوەکەی ئاراستەی پارێزگاری هەولێر و قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی هەولێر کردووە بۆ جێبەجێکردن و رایگەیاندووە، "بۆ راگرتنی کڕین و فرۆشتنی؛ بانگەشەکردن (رێکلام) بۆ فرۆشتنی یەکەکانی پڕۆژە نیشتەجێبووەکان [کە ناویان نووسراوە]، تکایە بفەرموون بە ئەنجامدانی کاری پێویست بە ئاگادارکردنەوەی خاوەن پڕۆژەکان".
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر، ئەمڕۆ هەینی 20-11-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەموو ئەو شوێنانەی لە لیستەکەدا ناویان هاتووە لە رێگەی پۆلیسی قایمقامیەتەوە ئاگاداریان دەکەینەوە کە ئەو بڕیارە دەرچووە لە وەبەرهێنان دەبێ جێبەجێی بکەن و کڕین و فرۆشتن نەکەن".
لە راگەیێندراوەکەی وەبەرهێنانی هەولێردا هاتووە، رێکلامکردن بۆ فرۆشتنی یەکەکانی پڕۆژەکان کە ناویان لە لیستەکەدا هەیە دەبێت لەلایەن سەرجەم میدیا و دەزگاکانی راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە رابگیرێن تاوەکو 01-05-2027.
وەبەرهێنانی هەولێر داوای لەلایەنی جێبەجێکار کردووە، نووسینگەی ناوەندنی فرۆشتنی ئەو 35 پڕۆژەیەی نیشتەجێبوون لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەبێت دابخرێن.
لەبارەی هۆکارەکانەوە وەبەرهێنانی هەولێر لەسەر پڕۆژەکان خاڵی جیاوازی وەکو "تێبینی" تۆمار کردووە، لەنێویاندا دەستبەکاربوون بۆ پڕۆژە کراوە بەبێ رێگەدان بە فرۆشتن و زۆرینەشیان بەهۆی راگرتنی کارە لە پڕۆژەکاندا.
ناوی پڕۆژەکان:
• کۆمەڵگای شابانی گەشتیاری (دوای گۆڕینی سێکتەری پڕۆژەکە بۆ نیشتەجێبوون)
• شاری زانست (بەشی نیشتەجێبوون)
• پڕۆژەی نیشتەجێبوونی (شاری باخی شەقڵاوە) - لە قەزای شەقڵاوە
• بەشی فراوانکراوی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی (شاری شاهان)
• پڕۆژەی نیشتەجێبوونی (شاری ماس) هەرسێ زۆنی گۆڕاو لە بازرگانی بۆ نیشتەجێبوون
• پڕۆژەی نیشتەجێبوونی (ستێر ستی)
• پڕۆژەی نیشتەجێبوونی (ڤێلا لە بەرزاییەکانی کەسنەزان)
• پڕۆژەی گەشتیاری باوکی سەوا بۆ گەشتیاری (دوای گۆڕینی سێکتەری پڕۆژەکە بۆ نیشتەجێبوون)
• بەشی فراوانکراوی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی (گرین لاند)
• پڕۆژەی نیشتەجێبوون و بازرگانی
• پڕۆژەی گەشتیاری و بازرگانی و نیشتەجێبوون
• پڕۆژەی نیشتەجێبوون
• نیشتەجێبوون و بازرگانی
• جودی لاند
• پڕۆژەی نیشتەجێبوون و بازرگانی و گەشتیاری و وەرزشی (هێلار تاوەرز)
• بەشی فراوانکراو یاخود گۆڕدراوی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی (نەورۆز ستی)
• نیشتەجێبوونی (KINGSTON TOWERS)
• بەشی فراوانکراوی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی (LIFE TOWERS)
• FUTURE CITY (دوو)
• گوندی نێرگز / NERGIZ VILLAGE
• NERGIZ TOWERS
• SPRING TOWERS
• Deutsche Dorf / گرین پۆینت
• PARIS Towers
• Cambridge Twin Towers
• پڕۆژەی نیشتەجێبوونی (KTC)
• Modern Step Mall بۆ بازرگانی (دوای گۆڕینی سێکتەری پڕۆژەکە بۆ نیشتەجێبوون)
• ڤیلۆریا بای شاهان / Veloria By Shahan
• Dutch Flowers Towers
• پڕۆژەی نیشتەجێبوونی (Tower Land)
• City Walk
• Erbil Park Regis (دوای گۆڕینی سێکتەری پڕۆژەکە بۆ نیشتەجێبوون)
• نیشتەجێبوونی (V Residence)
• True Star Tower
• Sun Set Tower



