رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نەوت رووی لە دابەزین کرد، ئەمەش بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئامارەکان لەبارەی زیادبوونی کۆگاکانی نەوتی خاو و سووتەمەنی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەفتەی رابردوودا. هەرچەندە بەردەوامیی هێرشە دوولایەنەکانی نێوان واشنتن و تاران و ئاستەنگەکانی بەردەم کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز، رێگرییان لە دابەزینی گەورەتری نرخەکان کرد.
نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکا 56 سەنت یان بە رێژەی 0.65% دابەزی و هەر بەرمیلێکی بە 85.45 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 16 سەنت، یان بە رێژەی 0.17% دابەزی بۆ 92.98 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. ئەمەش دوای ئەوە هات کە رۆژی سێشەممە هەردوو پێوەرە سەرەکییەکە بەهۆی چڕبوونەوەی ململانێ سەربازییەکان بە بەرزبوونەوە داخرابوون.
سەرچاوەکانی بازاڕ بە پشتبەستن بە داتاکانی پەیمانگەی نەوتی ئەمریکی (API) رایانگەیاند، لە هەفتەی رابردوودا کۆگاکانی نەوتی خاوی ئەمریکا بە بڕی 5.28 ملیۆن بەرمیل زیادیان کردووە، هاوکات کۆگاکانی بەنزین بە بڕی 5.12 ملیۆن بەرمیل و کۆگاکانی بەرهەمە پاڵێوراوەکانیش بە بڕی 351 هەزار بەرمیل هەڵکشاون.
سەرەڕای ئەوەش، بەردەوامیی ئاڵۆزییە سەربازییەکان رێگریی لە پاشەکشەی زیاتری نرخەکان کردووە. هێزەکانی بەرگریی بەحرێن، کە میوانداریی هێزی دەریایی ئەمریکا دەکات، رۆژی چوارشەممە رایانگەیاند، چەند هێرشێکی درۆنیی ئێرانیان بۆ سەر وڵاتەکەیان تێکشکاندووە. ئەمەش دوای رۆژێک هات لەوەی درۆنەکانی ئێران سیستمی راداری ئەمریکایان لە بەحرێن کردە ئامانج، لە وەڵامدا فڕۆکەکانی ئەمریکا پێگەیەکی هەڵدانی مووشەکیان لە دوورگەی قیشمی ئێران بۆردوومان کرد.
هاوکات رۆژی دووشەممە لەکاتی تێپەڕبوون بە تەنگەی هورمزدا لە نزیک کەناراوەکانی عومان، کەشتییەکی گواستنەوەی گازی شل (LPG) بە مووشەک پێکرا و دەستەی سەرنشینانی ناچار بوون کەشتییەکە چۆڵ بکەن. شارەزایانانی گرووپی بۆرسەی لەندەن (LSEG) لە یاداشتێکدا رایانگەیاند، "هەرچەندە هەناردەی نەوت لە رێگەی جێگرەوەوە بەردەوامە لە بەرزبوونەوە، بەڵام نوێترین داتاکانی کەشتیوانی ئەوە دەسەلمێنن کە ئاساییبوونەوەی هاتووچۆ بە تەنگەی هورمزدا لەژێر بارودۆخی ئێستا هێشتا مەحاڵە."
لە لایەکی دیکەشەوە، حوسییەکانی یەمەن رایانگەیاند رۆژی سێشەممە بە پێنج درۆن هێرشیان کردووەتە سەر دوو وێستگەی پەمپکردنی نەوت لەسەر بۆریی ستراتیژیی (ڕۆژهەڵات - ڕۆژئاوا) لە سعودیە کە ئەو بۆرییەیە ریاز لە کاتی شەڕدا بۆ دوورکەوتنەوە لە تەنگەی هورمز و هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەری یەنبوعەوە بەکاری دەهێنێت.




