رووداو دیجیتاڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەکی ئابووری، بەرەو فلیپین و چین بەڕێکەوت. لە میانی گەشتەکەیدا، چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ سەرکردەکانی رووسیا و چین کۆببێتەوە و هەوڵی بینینی سەرۆکی کۆریای باکووریش دەدات. لە بەرامبەردا، دیموکراتەکانی کۆنگرێس نیگەرانیی قووڵی خۆیان لەو سەردانە دەردەبڕن و داوا دەکەن بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بخرێنە پێش بەرژەوەندییە کەسییەکان. بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپییەوە بەرەو ویلایەتی ئالاسکا بەڕێکەوت؛ بڕیاریشە لە ئالاسکاوە بەرەو مانیلای فلیپین و دواتریش بەرەو چین گەشت بکات. ترەمپ بەرلەوەی کۆشکی سپی بەجێبهێڵێت، بۆ رۆژنامەڤانان قسەی کرد و ئاماژەی بەوە دا کە سەردانەکەی زیاتر سەردانێکی ئابوورییە. سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی گەشتەکەیەوە رایگەیاند: «گەشتێکی گەورە ئەنجامدەدەین، دەچینە فلیپین، کۆبوونەوەیەکی گەورە لەسەر، بەزۆری، پرسە ئابوورییەکان دەکەین. لە رووی ئابوورییەوە ئێمە پێشەنگی هەموو وڵاتانی جیهانین؛ دواتر دەچینە چین و سەرۆک شی دەبینین، هەروەها لەگەڵ سەرۆک پووتینیش کۆدەبینەوە و رەنگە لەگەڵ کیم جۆنگ ئوونیش یەکببینین». ئەمە دووەمین جارە دۆناڵد ترەمپ بەرەو ئاسیا و چین بەڕێدەکەوێت. هەروەها لە ماوەی سەرۆکایەتیدا، سێیەمین کۆبوونەوەی راستەوخۆی دەبێت لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین. بڕیاریشە کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لەگەڵ سەرۆکی چین و سەرۆکی رووسیاش بکات. لەلایەکی دیکەوە، لە نێو کۆنگرێسی ئەمریکادا، بەتایبەتی دیموکراتەکان، نیگەرانیی زۆریان هەیە لەسەر ئەو پرسانەی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکە، بەتایبەتی لەگەڵ سەرۆکی چین و رووسیا باسیان دەکات. جیم مەکگۆڤرن، کۆنگرێسمانی دیموکراتەکان دەڵێت: «سەرەتا هیوادارم کاتێک دەچێتە چین بەراستی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بخاتە پێش بەرژەوەندییە داراییە کەسییەکانی خۆیەوە. هیوادارم پرسی مافەکانی مرۆڤ بورووژێنێت، کە شتێکە هەرگیز لەگەڵ سەرۆک شی باسی نەکردووە». ئەو کۆنگرێسمانە جەخت لەوەش دەکاتەوە کە پێویستە بزانن چی دەگوزەرێت سەبارەت بەو بابەتی سیخوڕییەی تازە زانیویانە. دیموکراتەکان کە ئێستا زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانیان بەدەستەوەیە، چاویان لەوەیە گوشار بخەنە سەر ترەمپ. ئەوان داوا دەکەن پرسی ئێران چارەسەر بکرێت و ئەگەر سەرۆکیش نەتوانێت ئەو کارە بکات، دەبێت کۆنگرێس کۆتایی بەو شەڕە بهێنێت. مەکگۆڤرن لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: «کاتێک سەرۆک دەچێتە جەنگەوە، دەبێت بێتە کۆنگرێس؛ ئێمە دەبێت گفتوگۆ لەسەر ئەم پرسانە بکەین و دەنگیان لەسەر بدەین، بەڵام دۆناڵد ترەمپ ئەوەی پشتگوێ خستووە». ئەو کۆنگرێسمانە رەخنە لە کۆمارییەکانیش دەگرێت کە دەسەڵاتی کۆنگرێسیان رادەستی ئەو سەرۆکە کردووە. بڕیارە گەشتەکەی ترەمپ بۆ ئاسیا تاوەکو رۆژی چوارشەممە بەردەوام بێت. لەو ماوەیەدا، چەندین سەردان و کۆبوونەوەی جیاوازی دەبێت، لەوانە لەگەڵ گرووپی کواد (Quad) و ئەیپێک (APEC)، لەگەڵ دیدارە چاوەڕوانکراوەکانی لەگەڵ سەرکردەکانی چین، رووسیا و کۆریای باکوور.
ئابووری17-11-2026چین نیوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی لە وڵاتانی ئاپێکەوە هاوردە دەکات؛ قاوە و میوە هەرزان بوون