رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلێکی گرانبوون نرخی زۆرینەی سەوزەکانی لە هەرێمی کوردستان گرتووەتەوە؛ نوێترینیان تەماتەیە کە لە ماوەی تەنیا یەک هەفتەدا نرخی کیلۆیەکی بۆ دوو هێندە بەرزبووەوە.
رەجەب حاجی عەزیز، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-11-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی کیلۆیەک تەماتە دوێنێ تاوەکو 1,200 دینار بەرزبووەوە بەکۆ، ئەمڕۆ کەمێک دابەزیوە و لەنێوان 900 بۆ 1,000 دینارە".
بەگوێرەی نرخی عەلوە، ئەمڕۆ کیلۆیەک تەماتە بە نزیکەی 1,500 دینار دەگاتە دەستی کڕیاران.
هەفتەیەک لەمەوبەر کیلۆیەک تەماتە بە 500 دینار بوو. سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر ئاماژەی بە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکە کرد و گوتی: "تەماتەی خۆماڵی نەماوە و تەماتەی نێوەڕاست و خوارووی عێراقیش وەکو پێویست پێنەگەیشتووە، کەمیی تەماتە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکەیەتی".
بەگوتەی رەجەب حاجی عەزیز، لە دوێنێوە ئێران هەناردەی تەماتەی سنووردار کردووە و بەگوێرەی رێگەپێدان و رێکاری نوێ رێگە بە هەناردە دەدات و ئەوەش هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخەکەیەتی.
لە سەرەتای ئەم مانگەوە نرخی کوولەکە، پیاز و پەتاتە بۆ زیاتر لە دوو هێندەی مانگی رابردوو بەرزبووەتەوە. سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر گوتی، ئەمڕۆش نرخی کیلۆیەک پیازی سپی بە نزیکەی 1,250 دینارە بەکۆ، هەروەها کیلۆیەک پەتاتە بە کۆ نزیکەی هەزار دینارە و کوولەکەش بە کۆ کیلۆی نزیکەی هەزار دینارە.
کوولەکە، پیاز و پەتاتە هەر کیلۆیەکی بە 1500 دینار زیاتر دەگاتە دەستی هاووڵاتییان.
هۆکاری بەرزبوونەوەی هەموو جۆرەکانی سەوزە بۆ نەمانی بەرهەمی نێوخۆ و سنووردارکردنی هاوردەکردنیان دەگەڕێندرێتەوە.



