رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەی تۆماری کاسبکاران و پیشەوەرانی تورکیا ئاماری 10 مانگی ساڵی 2026ی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە لە سەرەتای کانوونی دووەم بۆ کۆتایی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ 103 هەزار و 595 کاسبکار ناچاربوون دووکانەکانیان دابخەن. ئەمەش بەراورد بە پار 11% زیادیکردووە. لەو ژمارەیەدا نزیکەی 13 هەزار دووکان لە شارەکانی باکووری کوردستانە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لە رۆژنامەی فەرمیی تۆماری کاسبکاران و پیشەوەرانی تورکیا بڵاوکراونەتەوە، لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا رۆژانە بە تێکڕا 345 کاسبکار کارەکانیان وەستاندووە یان دووکانەکانیان داخستووە.
ژمارەی داخستنی دووکانەکان لەم ساڵدا خەریکە ژمارەی پێوانەیی دەشکێنێت. پار بە گشتی 120 هەزار و 423 کاسبکار دووکانەکانیان داخستبوو، بەڵام تەنیا لە 10 مانگی ئەمساڵدا رێژەکە گەیشتووەتە 86%ی کۆی گشتیی پار.
لە باکووری کوردستان 13 هەزار دووکان داخراون
بەپێی ئامارە فەرمییەکان لە تۆماری کاسبکاران و پیشەوەرانی تورکیا لە 25 شاری باکووری کوردستان لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا 12 هەزار 918 کاسبکار دووکانەکانیان داخستووە.
بەپێی ئامارەکان لەو ماوەیەدا زۆرترین داخستنی دووکان لە پارێزگای دیلۆک بووە کە هەزار و 373 دووکانە. لەدوای دیلۆک ئەم شارانەی باکووری کوردستان دێن:
• مەرەش: هەزار و 91 دووکان
• رووها: هەزار و 20 دووکان
• ئامەد: 966 دووکان
لەسەر ئاستی تورکیاش زۆرترین ژمارەی داخستنی دووکانەکان لە شاری ئیستەنبووڵ تۆمارکراوە، کە 12 هەزار و 191 دووکان بووە. دوای ئیستەنبووڵ، ئەم شارانە دێن:
• ئیزمیر: 7 هەزار و 172 دووکان
• ئەنتاڵیا: 5 هەزار و 544 دووکان
• ئەنقەرە: 5 هەزار و 489 دووکان
تەنیا لە مانگی تشرینی یەکەمدا، لە ئیستەنبووڵ هەزار و 235 دووکان داخراون، کە دەکاتە رۆژانە 41 دووکان.
جگە لەمەش، لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا، 22 هەزار و 425 پیشەوەر بە یەکجاری وازیان لە پیشەکانیان هێناوە.
پێشبینی دەکرێت ژمارەی داخستنەکان لە کۆتایی ئەمساڵدا زۆر لە پار زیاتر بێت.
پێشتر چەند جارێک ئەو پرسە براوەتە نێو دانیشتنەکانی پەرلەمانی تورکیا. دوایین جار هەفتەی رابردوو بوو کە پەرلەمانتارانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لەکاتی تاوتوێکردنی بودجەی وەزارەتی بازرگانی بۆ ساڵی 2027 هۆشداری تووندیان لەبارە رەوشی کاسبکاران و ئامارەکانی داخستنی دووکانەکان بەهۆی قەیرانی ئابووریەوە دا.




