رووداو دیجیتاڵ
بریکاری وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان دەڵێ، حکومەتی عێراق لە دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە رەشنووسی بودجەی 2027 پێشێلکارییەکی گەورەی کردووە و بنەما نێودەوڵەتییەکانی سەرژمێری و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی خۆی پشتگوێ خستووە. ئاماژە بەوەش دەکات، نابێت رێژەی 12.68% وەک پشکی هەرێمی کوردستان قبووڵ بکرێ، چونکە ئەوە دەبێتە بنەما و لە داهاتوودا گۆڕینی زۆر ئەستەم دەبێت.
سیروان محەممەد، بریکاری وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان، لە کاتی بەشداریکردنی لە هەواڵەکانی کاژێر 16:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە زانا کایانی پێشکێشی دەکات، ئاماژەی بەوەش کرد، "هەردوو وەزارەتی پلاندانان و دارایی لە بەغدا، پشکی هەرێمی کوردستانیان بە رێژەی 12.68% داناوە. ئەم رێژەیە لەسەر بنەمایەکی نادروست و دوور لە بنەماکانی سەرژمێری دانراوە."
بە گوتەی بریکاری وەزیری پلاندانان، بەغدا بۆ گەیشتن بەو رێژەیە، ئاوارە و پەنابەرەکانی لە ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەرکردووە، ئاوارەکانی لەسەر پارێزگاکانی خۆیان داناوە و پەنابەرەکانیشی بە بیانووی ئەوەی بیانین، هەژمار نەکردووە. سیروان محەممەد جەختی لەوە کردەوە، ئەمە "دوورە لە بنەماکانی ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێری، کە پێناسەیەکی نێودەوڵەتی هەیە و دەڵێت، دەبێت سەرجەم دانیشتووانی ناوچەیەک بەبێ جیاوازی بژمێردرێن، چونکە ئامانجی سەرژمێری بۆ پەرەپێدانە، نەوەک جیاکاری."
سیروان محەممەد ئاماژەی بەوەش کرد، جگە لە ئاوارە و پەنابەران، نزیکەی 500 هەزار کەس لە دانیشتووانی ناوچە کوردستانییەکان (وەک قەزای شێخان، ناحیەی زێلکان، مەخموور و فایدە) لە ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان کەم کراونەتەوە.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پلاندانان ئەوەشی خستەڕوو کە وەزارەتی پلاندانانی عێراق پار رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانی بە 13.93% (نزیکەی 14%) خەمڵاند، کە نزیکە لەو رێژەیەی (14.14%) کە ئێستا هەرێمی کوردستان داوای دەکات.
یەکێکی دیکە لەو خاڵانەی سیروان محەممەد باسی کرد، رێزنەگرتن بوو لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدراڵی و گوتی: "ئەم کارەی بەغدا پێشێلکردنێکی ئاشکرای سێ بڕیاری سەرەکیی ئەنجوومەنی وەزیرانە کە لە ساڵی 2024 دەرچوون و هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ئەو بڕیارانە بەشداری لە پرۆسەی سەرژمێریدا کرد."
سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتوو، سیروان محەممەد رایگەیاند، وەزارەتی پلاندانان و وەزارەتی دادی هەرێمی کوردستان خەریکی تاوتوێکردنی دۆسیەکەن و بردنەوەی کەیسەکە بۆ دادگەی فیدراڵی یەکێکە لە ئەگەرەکان. گوتیشی، "ئێمە نابێت بە هیچ شێوەیەک رێژەی 12.68% قبووڵ بکەین، چونکە ئەمە دەبێتە بنەما و لە داهاتوودا گۆڕینی زۆر ئەستەم دەبێت."
بریکاری وەزارەتی پلاندانان دڵنیایی خۆی نیشان دا کە هەرێمی کوردستان بەڵگەی پێویستی لەبەردەستە، لەوانە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرجەم دۆکیومێنتی گفتوگۆکان، بۆ سەلماندنی مافەکانی.


