رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ دەستپێکی وەرزی سەرمادا نرخی نەوتی سپی زیاتر بەرز بووەوە و ئەمڕۆ بە 325 هەزار دینار دەفرۆشرێت.
سەرباز کەریم، گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنیفرۆشانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نەوتی کواڵیتی بەرز بە کۆ بەرمیلی بە 315 هەزار دینارە".
بەرمیلێک نەوت بە تێچووی گواستنەوەوە لە هەولێر بە 325 بۆ 330 هەزار دینار دەگاتە دەستی هاونیشتمانییان.
هەر ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێک نەوتی سپی لە سلێمانی بە 325 هەزار دینار دەگاتە دەستی هاونیشتمانییان. فرۆشیاران دەڵێن، هەر رۆژە و لیتری 50 دینار دەچێتە سەر نرخەکەی.
کۆرش گۆران، فرۆشیاری نەوت لە هەڵەبجە ئەمڕۆ هەینی 23-10-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ بەرمیلێک نەوت دەدەینە 320 هەزار دینار و زیاتر لە پێنج هەزار دینار کەمتر دەیفرۆشین لە شارەکانی دیکە".
کۆرش گۆران گوتی، بە هۆی خواستی زیاتر لەسەر نەوت رۆژانە نرخەکەی بەرز دەبێتەوە.
ناوەڕاستی ئەم مانگە نرخی بەرمیلێک نەوت بە 300 هەزار دینار دەگەیشتە هاونیشتمانیان.
هۆکارێکی سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی سپی لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێندرێتەوە، کە تاوەکو ئەمڕۆ هیچ بڕە نەوتێکی حکومی دابەش نەکراوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، پار لە دەستپێکی ئەیلوولەوە تاوەکو 04-01-2026، نزیکەی 135 ملیۆن لیتر نەوت بەسەر نزیکەی 674 هەزار و 500 خێزاندا دابەش کرا.
ئەو نەوتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانی رابردوو دابەشی کردووە، 200 لیترە بە 104 هەزار دینار دراوەتە هاونیشتمانییان.
29ـی ئابی 2026، کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "نەوت یەکێکە لە پێویستییەکان بۆ هەرێمی کوردستان و وەرزی زستان لە هەرێمی کوردستان ساڵانە زووتر دەگات لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق، ساڵانە تەنیا 50 ملیۆن لیتریان بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، بۆ ئەم ساڵ داوا دەکەین لە نەوت و پێداویستییەکانی دیکە هاوشێوەی عێراق پشکی هەرێمی کوردستان بنێردرێت".



