رووداو دیجیتاڵ
بەراورد بە هەفتەیەک لەمەوبەر، نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵی بازرگانیی کواڵیتی بەرز لە بەنزینخانەکانی هەولێر 100 دینار دابەزی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 22-10-2026، نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵی کواڵیتی بەرز لە هەولێر هەزار و 350 دینارە، لەکاتێکدا هەفتەیەک لەمەوبەر بە هەزار و 450 بۆ هەزار و 475 دینار بوو.
سەرباز کەریم، گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنیفرۆشانی هەولێر، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵی کواڵیتی بەرزی کۆمپانیای کار ئەمڕۆ بە هەزار و 250 دینارە بە کۆ".
گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنیفرۆشانی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، چەند جۆرێکی دیکەی بەنزین لە هەولێر دەفرۆشرێت، لەوانە بەنزینی بێجی دەرچوو لە پشکنین کە لیتری بە کۆ هەزار و 150 دینارە و بەنزینی بێجی دەرنەچوو لە پشکنین هەزار و 40 دینارە بە کۆ.
نرخی هەر جۆرێک بەنزین کە بە کۆ دەکڕدرێت و لە بەنزینخانەکان دەفرۆشرێت، لیتری نزیکەی 100 دینار تێچووی دەچێتە سەر وەکو کرێی گواستنەوە و قازانجی فرۆشیار.
بەنزینی موحەسەن و سووپەر نرخیان لە بەرزی ماوەتەوە، کە لە هەزار و 900 دینارەوە بۆ 2,500 دینارە. سەرباز کەریم دەڵێت: "ئەو دوو جۆرەی بەنزین لە بازاڕدا کەمە و نرخی دانەبەزیوە، هاوکات ئەو مادانەی بەنزینەکەیان پێ دروست دەکرێت لە دەرەوە هاوردە دەکرێت، کەمە و دابەزینی بەهای دیناریش هۆکار بووە".
لە سلێمانی نرخی بەنزین چەند مانگێکە گۆڕانی تێدا نەکراوە و لیترێک نۆرماڵ هەزار و 150 دینار، موحەسەن هەزار و 750 دینارە و سووپەر لیتری بە هەزار و 900 دینارە.
جگە لە بەنزینی بازرگانی، رۆژانە لە هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان بەنزینی نۆرماڵ بە نرخی پاڵپشتیکراو دابەش دەکرێت، کە لیترێک بە 750 دینارە.
نرخی بەنزینی بازرگانی لە سنووری پارێزگای دهۆک نزیکە لە نرخی هەولێر و نرخی لە هەڵەبجەش نزیکە لە نرخەکانی سلێمانی.
.webp&w=3840&q=75)

