رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی ئۆنسەیەکی زێڕ بۆ کەمتر لە 4090 دۆلار دابەزی و بەوپێیەش ئەمڕۆ تاوەکو ئێستا نزیکەی 150 دۆلار لە بەهای خۆی لەدەستداوە.
گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەتایبەتی ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگی ئێران و هێرشی نوێی حووسسیەکان بۆ سەر دامەزراوە نەوتی و مەدەنییەکانی سعودیە، نرخی نەوتی بەرزکردووتەوە و ئەوەش بەشێوازی نەرێنی کاریگەری کردووەتە سەر نرخی زێڕ، بەوپێیەی نیگەرانی دروستکردووە لەسەر بەرزکرنەوەی زیاتری هەڵاوسان.
نرخی زێڕ ئەمڕۆ پێنجشەممە بە رێژەی 0.8% دابەزی و هەر ئۆنسەیەکی لە نزیک 4090 دۆلار مامەڵەی پێودەکرێت.
لە مامەڵەکانی رۆژی رابردوودا نرخی زێڕ بە رێژەی 0.4% بەرزببووەوە و کۆتایی بە زنجیرە دابەزینەکانی سێ رۆژی پێشووی خۆی هێنابوو، بەڵام دواتر رووبەڕووی شەپۆلێکی نوێی فرۆشتن بووەوە، پاش ئەوەی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەڕەشەی پەکخستنی خستنەڕووی وزە و درێژەکێشانی هەڵاوسانیان دروستکرد.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا فەرمانی بە کارمەندن و خێزانەکانیان کردووە کە خاکی سعودیە بەجێبهێڵن، ئەوەش نیگەرانیی لەبارەی ئەگەری فراوانبوونی جەنگ لە ناوچەکەدا زیادکرد، بەتایبەت دوای ئەوەی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کێڵگەیەکی نەوتی کۆمپانیای ئارامکۆ بووە هۆی کوژرانی دوو کەس.
پێشبینییەکان بۆ ئەوەی بانکی ناوەندی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی 27 و 28ـی ئەم مانگەدا رێژەی سوودی بانکی وەک خۆی بهێڵێتەوە بە بەهێزی ماونەتەوە، بە جۆرێک ئێستا بازاڕەکان ئەگەری کەمتر لە 17% دادەنێن بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی سوود لەم مانگەدا. سەرەڕای ئەوەش، هەڵاوسان هێشتا لە سەرووی ئاستی ئامانجکراوی 2%ـی بانکەکەیە.



.png&w=3840&q=75)