رووداو دیجیتاڵ ئارتی بانک پلاتفۆڕمی (ئارتی بی-مەزاد)ی لە پارێزگای بەسرە کارا کرد، کە رێگە بە بازرگانان و هاوردەکاران دەدات بە شێوەیەکی ئۆنلاین و راستەوخۆ داوای کڕینی دۆلار بە نرخی فەرمیی بانکی ناوەندیی عێراق بکەن. لە دوای هەولێر و بەغدا، بەسرە دەبێتە سێیەم شار کە ئەم خزمەتگوزارییەی تێدا چالاک دەکرێت. پلاتفۆڕمەکە وەک پردێکی راستەوخۆ لەنێوان بازرگانان و بانکی ناوەندیدا کاردەکات و پرۆسەی بەدەستهێنانی دۆلاری بۆ حەواڵە و بازرگانی ئاسانتر و خێراتر کردووە. عەدنان مورعیب، بەڕێوەبەری لقی بەسرەی ئارتی بانک رایگەیاند: "ئێمە ئێستا دەتوانین سەرجەم ئەو کۆمپانیا نەوتی، ئەهلی و گشتییانەی لە بەسرە کار دەکەن، بخەینە نێو پلاتفۆڕمەکەمانەوە، کە دەرفەتیان پێدەدات دۆلار و هەر دراوێکی بیانی بە نرخی دیاریکراوی حکومی بکڕن، نەک نرخی بازاڕی رەش. ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ رێگری لە گرانبوونی نرخ لە بازاڕدا". خاوەن کۆمپانیا بازرگانییەکانی بەسرە پێشوازی لەم هەنگاوە دەکەن و بە چارەسەرێکی گرنگی دەزانن بۆ ئەو کێشانەی کە رووبەڕوویان دەبێتەوە. عەلی ماجید، بەڕێوەبەری کۆمپانیای مراسی نێودەوڵەتی دەڵێت: "بیرۆکەیەکی جوانە و کێشەیەکی بنەڕەتی چارە دەکات کە بازرگان و هاوردەکاران بەدەستییەوە دەناڵێنن. پێشتر دۆلار لە پشتی بانکەکاندا دەست دەکەوت، بەڵام ئەمڕۆ ئارتی بانک هێنایە پێشەوە". ئەندازیار جەمیل مەلا، بەڕێوەبەری کۆمپانیای کەوسەری ئەندازیاری، ئاماژەی بەوە کرد، پلاتفۆڕمەکە کاتێکی زۆر بۆ بازرگانان دەگەڕێنێتەوە و گوتی: "لەبری ئەوەی چەندین رۆژ مامەڵەی وەرگرتنی دۆلار بکات، لەرێگەی پلاتفۆڕمەکەوە بە چەند کاژێرێک دەتوانێ کارەکەی تەواو بکات و کەلوپەلەکەی هاوردە بکات، بێئەوەی تووشی زیانی مادیی ببێت". بەسرە بەهۆی پێگە ئابوورییە گرنگەکەی وەک دەروازەیەکی بازرگانیی سەرەکیی عێراق، بووەتە سێیەم وێستگەی ئەم پلاتفۆڕمە بانکییە.