رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، دابینکردنی دراوی بیانی بۆ داواکارییەکانی هاوردەکردن بەردەوامە و سەرجەم ئەو داواکارییانەی پێشتر راگیرابوون جێبەجێ کراون؛ هاوکات داوا لە بازرگانان دەکات چاودێریی حەواڵەکانیان بکەن و لە ئەگەری هەر پێشێلکارییەکدا سکاڵا تۆمار بکەن.
لە راگەیێندراوێکدا، بانکی ناوەندیی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، سەرجەم داواکارییەکانی حەواڵەکردنی پارەی تایبەت بە هاوردەکردن جێبەجێ کراون کە پێش دەستکاریکردنی نرخی ئاڵوگۆڕ لە 2026/10/7 راگیرابوون و مەرج و رێنماییە فەرمییەکانیان تێدابووە.
بانکی ناوەندی داوا لە بازرگانان و ئەو کۆمپانیایانە دەکات کە ئەم داواکارییانە دەیانگرێتەوە، سەردانی بانکەکانی خۆیان بکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە حەواڵە دەرەکییەکانیان.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لە ئەگەری دواکەوتنی جێبەجێکردنی هەر حەواڵەیەک بەبێ پاساو، یاخود داواکردنی بڕە پارەی زیادە بە پێچەوانەی رێنماییەکان، پێویستە بازرگانان لە رێگەی سەکۆی ئەلیکترۆنیی سکاڵاکانی بانکی ناوەندیی عێراقەوە سکاڵا تۆمار بکەن، بانکی ناوەندیش لە بەرامبەردا رێکاری پێویست بەرامبەر بانکە سەرپێچیکارەکان دەگرێتەبەر."
بانکی ناوەندیی عێراق دڵنیایی دەداتە بازرگانان، کۆمپانیاکان و هاووڵاتییان کە پڕۆسەی پارەدارکردنی هاوردەکردن بە شێوەیەکی ڕێکوپێک بەردەوام دەبێت و دراوی بیانی بۆ تەواوی داواکارییە یاساییەکان دابین دەکرێت، ئەمەش لەپێناو "بەردەوامیی جووڵەی بازرگانی و مسۆگەرکردنی هاتنی کاڵا بۆ بازاڕە نێوخۆییەکان."


.jpg&w=3840&q=75)