رووداو دیجیتاڵ
رۆژی چوارشەممە نرخی زێڕ لە دەوروبەری 4,045 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک بە جێگیری مایەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە مامەڵەکانی رۆژی پێشوودا رووبەڕووی دابەزینێکی تووند ببووەوە. بەو پێیەی بەرزبوونەوەی چاوەڕوانکراوی هەڵاوسان لە ئەمریکا و لێدوانە تووندەکانی بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتە، پێشبینییەکانیان بۆ تووندکردنەوەی زیاتری سیاسەتی نەختی، بەهێز کردووە.
نرخی زێڕ ئەمڕۆ چوارشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بە رێژەی 0.1% بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەکی گەیشتە 4,045 دۆلار.
کانزای زەرد هێشتا لەژێر گوشاری فرۆشتندایە دوای ئەوەی لە مامەڵەکانی رۆژی رابردوودا بە رێژەی 2.6% دابەزی، دوابەدوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتی پێنوێنی نرخەکانی بەکاربەر (CPI) بۆ مانگی تشرینی یەکەم لە ئەمریکا، کە بەرزتر بوو لە پێشبینییەکان. ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی سوودی سەر قەواڵەکانی گەنجینە و بەهێزبوونی بەهای دۆلار، لە کاتێکدا وەبەرهێنەران سەرلەنوێ هەڵسەنگاندن بۆ ئاسۆی رێژەی سوودی بانکی دەکەن.
ئێستا بازرگانان بە تەواوەتی ئەگەری بەرزکردنەوەی 25 خاڵی بنەڕەتیی رێژەی سوودی بانکی لە مانگی کانوونی یەکەمدا لەلایەن بانکی ناوەندییەوە لەبەرچاو دەگرن. بەرزبوونەوەی تێچووی قەرزکردن زیان بە زێڕ دەگەیێنێت.
لێدوانی تووندی بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا گوشاری فرۆشتنی لەسەر زێڕ زیاتر کردووە. لۆری لۆگان، سەرۆکی بانکی فیدراڵیی داڵاس رایگەیاندووە، پێیوایە پێویستە بانکەکە بە بڕی لانیکەم 50 خاڵی بنەڕەتیی دیکە رێژەی سوود بەرزبکاتەوە، کە لەوانەیە بە خێراییەکی زیاتریش بێت بەراورد بە مانگەکانی رابردوو.
هاوکات کریستۆفەر واڵەر، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگارانی بانکی ناوەندی ئەمریکا باسی لە ئەگەری بەرزکردنەوەیەکی گەورەتر بە بڕی 50 خاڵی بنەڕەتی لە کۆبوونەوەی مانگی کانوونی یەکەمدا کردووە، ئەوەش نیگەرانییەکانی لەبارەی تووندکردنەوەی زیاتری سیاسەتی نەختی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەڵاوسان قووڵتر کردووەتەوە.



.jpg&w=3840&q=75)
