رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە نرخی زێڕ کەمێک دابەزی و بۆ سێیەم رۆژی یەک لەدوای یەک درێژەی بە پاشەکشەکانی دا. بەرزبوونەوەی نرخی نەوت نیگەرانییەکانی لەبارەی هەڵاوسان زیاتر کردووە و ئاسۆی سیاسەتی نەختی ئەمریکای پێش کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی بانکی ناوەندی لێڵ کردووە.
نرخی زێڕ لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بە رێژەی 0.1% دابەزی و هەر ئۆنسەیەکی بە 4,137 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووودا بە هەمان رێژەی 0.1% دابەزی بۆ 4,165 دۆلار. لە مامەڵەکانی دوێنێشدا، کانزای زەردە بە رێژەی 0.6% دابەزیبوو.
وەبەرهێنەران و بازرگانان هەڵسەنگاندن بۆ ئەو مەترسییە دەکەن کە بەرزبوونەوەی نرخی وزە دەکرێت هەڵاوسان بە بەرزی بهێڵێتەوە و وا لە بانکی ناوەندیی ئەمریکا بکات بۆ ماوەیەکی درێژتر دەست بە سیاسەتی نەختی تووندەوە بگرێت. زێڕ کە هیچ سوودێکی دارایی بەرهەم ناهێنێت، لەگەڵ بەرزبوونەوەی رێژەی سوود و سوودی قەواڵە داراییەکاندا کەمتر سەرنجڕاکێشە.
رۆژی سێشەممە نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەیشتە نزیکەی 110 دۆلار، کە بەرزترین ئاستی پێنج مانگی رابردووە. هێرشی حووسییەکان بۆ سەر پێگەکانی وزە و فڕۆکەخانەکانی سعودیە لەنێویاندا دامەزراوەیەکی ئارامکۆ، مەترسییەکانی سەر خستنەڕووی نەوتی ناوچەکەی زیاتر کردووە.
بە شێوەیەکی بەرفراوان پێشبینی دەکرێت بانکی ناوەندی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی 27 و 28ـی ئەم مانگە، رێژەی سوود وەک خۆی و بەبێ گۆڕانکاری بهێڵێتەوە. بەگوێرەی پێوەری (فێد وۆچ)ـی سەر بە گرووپی CME، بازرگانان بە ئەگەری 83% پێشبینیی هێشتنەوەی سوودی بانکی لە هەفتەی داهاتوودا دەکەن، لە کاتێکدا ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە مانگی کانوونی یەکەمدا بە 94% دەخەمڵێنن.
بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە مانگی ئەیلوولدا رێژەی سوودی بە بڕی 25 خاڵ بەرزکردەوە بۆ نێوان 3.75% تاوەکو 4.00%.

.jpg&w=3840&q=75)
