رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت دابەزی، ئەوەش بەهۆی پێشبینییەکان بۆ زیادبوونی خستنەڕووی سووتەمەنی لەلایەن رووسیاوە، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئۆکراینا و رووسیا رێککەوتوون لەسەر راگرتنی هێرشەکانیان بۆ سەر دامەزراوەکانی وزەی یەکدی. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە واشنتن و مۆسکۆ رێککەوتن لەسەر دابینکردنی گازوایل لەلایەن رووسیاوە.
نرخی نەوتی خاوی برێنت 1.54 دۆلار یان بە رێژەی 1.47% دابەزی و هەر بەرمیلێکی بە 103.18 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکا بە بڕی 1.54 دۆلار، یان بە رێژەی 1.68% دابەزی و گەیشتە 90.31 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
هاوکات نرخی گازوایل بە رێژەی 3% دابەزی بۆ 1,436 دۆلار بۆ هەر تۆنێک، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ رۆژی هەینی رایگەیاند، رووسیا دەستبەجێ زیاتر لە 300 هەزار تۆن (نزیکەی 2.25 ملیۆن بەرمیل) گازوایل بۆ ئەمریکا و بازاڕەکانی جیهان دابین دەکات.
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، رووسیا لە مانگی تشرینی دووەمدا 500 هەزار تۆنی دیکە و "دەستبەجێ لە دوای ئەوەش" یەک ملیۆن تۆنی زیاتر دابین دەکات. بەپێی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (IEA)، پێشبینی دەکرێت بەکاربردنی رۆژانەی گازوایل لە سەرانسەری جیهاندا نزیکەی 29 ملیۆن بەرمیل بێت.
هەروەها رۆژی یەکشەممە، ترەمپ بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو رایگەیاند، کیێڤ و مۆسکۆ لەسەر ئاگربەست لە کەرتی وزەدا رێککەوتوون، بەڵام ڤلادیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا گوتی، هێشتا چاوەڕوانی بینینی وردەکارییەکانی ئەو ئاگربەستەیە؛ هاوکات مۆسکۆش هیچ لێدوانێکی لەو بارەیەوە نەداوە.
تیم واتێرەر، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان لە دامەزراوەی (KCM Trade) لەو بارەیەوە رایگەیاند، ئەم هەواڵانە تاڕادەیەک گوشاری دەستبەجێی سەر خستنەڕووی سووتەمەنی کەمکردووەتەوە. دەشڵێت، "هێشتا گومان لەبارەی دروستی و بەردەوامیی هەر ئاگربەستێکی لەم شێوەیە هەیە و، بەبێ بوونی بەڵگەی روون لەسەر جێبەجێکردنی، پێدەچێت ئاستی دابەزینی نرخەکان سنووردار بن."
لە لایەکی دیکەوە، فاتیح بیرۆڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (IEA) رۆژی یەکشەممە داوایکرد، هەموو وڵاتانی ئەندام هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە بکەن ئایا خستنەڕووی بڕی زیاتری گازوایل لە یەدەگی فریاگوزاری پێویستە یاخود نا. داواشی لەو وڵاتانە کرد تاوەکو ئێستا تەواوی پشکی دیاریکراوی خۆیان لە یەدەگ نەخستووەتەڕوو، پرۆسەکە خێراتر بکەن و فۆکەسیان زیاتر خستنەڕووی گازوایل بێت.


