رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی هاوپەیمانیی خزمەتگوزاری (خەدەمات) رایدەگەیێنێت، لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان رێککەوتوون لەسەر دەستپێشخەرییەک بۆ چارەسەرکردنی خاڵە ناکۆکەکانی پڕۆژەیاسای بودجە پێش ناردنی بۆ پەرلەمان، جەختیش دەکاتەوە مافی دارایی خەڵکی هەرێمی کوردستان هێڵی سوورە و نابێت بکرێتە کارتی موزایەدەی سیاسی.
د. حوسام روبەیعی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی خزمەتگوزاری، لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارتی، رایگەیاند: "ئەم سەردانە لەسەر بەرزترین ئاست بوو و قۆناخێکی نوێی لە پەیوەندییەکانی نێوانمان دەستپێکرد؛ هەردوولا رێککەوتین لەسەر بەردەوامیی سەردانەکان و کاری هاوبەشی سیاسی و پەرلەمانی لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی لەم دۆخە هەستیارەی ناوچەکەدا."
سەبارەت بە پرسی بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، روبەیعی ئاشکرای کرد کە هەردوولا دەستپێشخەرییەکی هاوبەشیان گرتووەتە ئەستۆ و گوتی: "دەمانەوێت خاڵە ناکۆکەکانی بودجە لە ناو کۆڕبەندە سیاسییەکاندا بەتایبەت لەنێو هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت چارەسەر بکرێن، بۆ ئەوەی دوای ناردنی بۆ پەرلەمان بە زووترین کات پەسند بکرێت و بدرێتەوە دەست حکومەت تاوەکو ئەرکەکانی جێبەجێ بکات."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وتەبێژی هاوپەیمانیی خزمەتگوزاری ئاماژەی بەوە کرد، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەیان پەیوەست بووە بە تەواوکردنی کابینەی وەزاری و گوتی: "دەبێت هەنگاوی خێرا بنرێت بۆ تەواوکردنی کابینەکە، چونکە هەبوونی بودجەیەکی خاوێن لە کێشە لەگەڵ بوونی حکومەتێکی تەواو، زامنی خزمەتکردنی هاووڵاتییانە." ئاماژەی بەوەش کرد هەردوو پارت هێشتا نەگەیشتوونەتە شایستە تەواوەکانی خۆیان و دەیانەوێت بەشێکی کاریگەر بن لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: بەخێربێیت بۆ رووداو، ئەمڕۆ ئێوە لەگەڵ هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە، ئەمە یەکەم کۆبوونەوەتان بوو لەگەڵ پارتی؟
د. حوسام روبەیعی: سڵاو بۆ تۆ و بۆ بینەران و گوێگرە بەڕێزەکانتان، بەڕاستی ئەمڕۆ پەیوەندیی نێوان هەردوو پارت پێی نایە قۆناخێکی نوێوە، ئەمەش یەکەم دیداربوو لە نێوان هاوپەیمانیی خەدەمات و پارتی دیموکراتی کوردستان، بەتایبەت هەروەکو بینیتان، ئەم سەردانە لەسەر بەرزترین ئاستی نوێنەرایەتی بوو لە رووی سەردانەکانی نێوان هەردوو لایەندا، هەردوو لایەن بەڕاستی رێککەوتن لەسەر بەردەوامیی ئەو سەردانانە، و هەروەها خستنەڕووی دەستپێشخەریی زۆر، ئەم دەستپێشخەرییانە لەخۆگری کاری هاوبەش بوون لەسەر ئاستی کاری سیاسی و پەرلەمانی،هەروەها ئاڵوگۆڕی تێڕوانین لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و هەروەها کولتووری، و یەکخستنی دیدگەکان بە شێوەیەک لە بەرژەوەندیی ئەم وڵاتەدا بێت، بەڕاستی ئەمڕۆ عێراق بە کۆمەڵێک کاردانەوەی ناوچەکدا تێدەپەڕێت و دەورە دراوە، ئەو دۆخەش ئەمڕۆ پێویستی بە دیدگەیەکی یەکگرتووە بۆ هەموو قەوارە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی عێراقی.
رووداو: دانوستاندنتان لەگەڵ لەبارەی بوودجە کرد، بۆ پشکی هەرێمی کوردستان، باسی چیتان کرد؟
د. حوسام روبەیعی: بەڵێ، بەڕاستی بابەتی هەرە گرنگ، ئەو دەستپێشخەرییەیە لە نێوان هەردوو لایەندا لەسەری رێککەوتن کرا، ئەویش ئەوەیە بەرەو چارەسەرکردنی خاڵە ناکۆکەکان کە لە بودجەدا جێگیر کراون، برۆین، ئەم چارەسەرانە لە ناو کۆڕبەندییە سیاسییەکاندا بن و بە دیاریکراوی لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، کە چوارچێوەی کۆکەرەوەیە بۆ قەوارە سیاسییە عێراقییە کاراکانی گۆڕەپانی سیاسی، ئەم دەستپێشخەرییە یەکەم دەستپێشخەرییە و هەردوو لایەن گرتوویانەتە ئەستۆ، کار دەکەن لەسەر پێگەیاندنی لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ چارەسەرکردنی پرسە ناکۆکەکان لە بودجەدا، ناردنی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران ئاسان دەکات، پاشان پەسەندکردنی لە زووترین کاتی گونجاودا، بدرێتەوە حکومەت بۆ ئەوەی بتوانێت و توانای هەبێت لە جێبەجێکردنی ئەو پابەندییانەی لە کارنامەی حکومەتەکەیدا لە ئەستۆی گرتوون.
سەبارەت بەوەی پەیوەستە بە پشکی هەرێمی کوردستان، لە میانەی دیدارەکەدا جەختمان لەوە کردەوە ئەمڕۆ مافی خەڵک لە وڵاتدا هیچ جیاکارییەکی تێدا نییە؛ کەواتە هیچ جیاوازییەک نییە لە نێوان کوردێک لە هەرێم(ـی کوردستان) و هاووڵاتیی عەرەب لە پارێزگاکانی دیکە، هەموویان هەڵگری ناوی ئەم نیشتمانەن و هەموویان عێراقین، کەواتە ئێمە رێگە نادەین مافی هاووڵاتییان لە هەرێم یان لە پارێزگاکانی دیکەدا ببێتە جێی موزایەدەی سیاسی، یان ببنە کارتی دەستی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان، ئەمە هێڵی سوورە لە ناو ئەم دیدارەدا لەسەری رێککەوتووین، بەڵام خاڵەکانی دیکە کە پێویستیان بە روونکردنەوەیە، من پێشتر ئاماژەم پێدا، دەبێت مێزێکی گفتوگۆی روون و دیار هەبێت کار بکات لەسەر چارەسەرکردنی ئەو خاڵە ناکۆکانە و رێکخستنی پەیوەندییەکان ،ئەمەش ئەوەیە ئاماژەمان پێدا - بەپێی دەستوور، ئێمە جگە لەم دەستوورە هیچی دیکەمان نییە پەیوەندیی نێوان قەوارەکان رێکبخات، چونکە ئەو دەستوورەیە بە سیاسەتێکی باڵادەست بەسەر هەموواندا کار دەکات.
رووداو : بەگوێرەی نێڕینی هاوپەیمانیی ئێوە، دەبێت چۆن مافی دارایی، بۆ نموونە بۆ گەلی هەرێمی کوردستان، لە بودجەدا بچەسپێنرێت؟
د. حوسام روبەیعی: تۆ دەزانیت بودجە لایەنی تەکنیکییە، و ئەم لایەنە تەکنیکییانەش لە حکومەتەوە دێن، بەڕاستی ئەمە ئەوەیە قسەی تێدا کرا و بە شێوەیەکی روونیش، بەتایبەت سەبارەت بەوەی پەیوەستە بە لایەنی داهاتە نەوتییەکانی هەرێم، و ئەم پەیوەندییە جێمشتومڕەی پێویستی بە یاسایەک بووە، یاسای نەوت و گاز کە ساڵانێکی درێژە پشتگوێ خراوە، ئێمە بەڕاستی رژدین لەسەر هێنانەوەی جارێکی دیکەی بۆ گۆڕەپانەکە و رێکخستنی دەقەکانی و نوێکردنەوەی، بۆ ئەوەی لانیکەم گەرەنتیی چارەسەرکردنی ئەم وێستگەیەی ناکۆکی لە نێوان، واتە لە نێوان حکومەتی هەرێم(ـی کوردستان) و هەروەها حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا بکەین.
دووپاتی دەکەمەوە، و ئەمەش ئەوەیە لە ناو کۆبوونەوەکەدا باسی لێوە کرا: ئەمڕۆ مافی خەڵک لە هەرێمی کوردستان مافی پارێزراون، و ئەو مافانەن رووبەڕووی موزایەدە نابنەوە، و رێگە نادەین ببنە کارتی دەست بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێکان، و ئەم مافانە رێکدەخرێن بەپێی رێژەی نوێنەرایەتی، هەروەها بەپێی پەیماننامە و رێککەوتنە بەستراوەکان، و هەروەها ئەوەی رێنماییە کارپێکراوەکان لە رێکخستنی پەیوەندیی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیگەیێنینە ئەنجام.
رووداو: ئێوە وەکو هاوپەیمانی خەدەمات، پشتگیری لەوە دەکەن پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان لە 14.14٪ بێت؟ نەک لە 12.67٪ بێت؟
د. حوسام روبەیعی: ئەمە یەکێک بوو لە خاڵە گرنگەکان قسەی لەسەر کرا، ئەم خاڵەش لەسەر بنەمای ئەو، دەستپێشخەرییەکە دانرا پێشتر باسمان لێوە کرد، ئەویش جیاوازیی نێوان هەردوو رێژەکەیە، هەردوو لایەن بەڕاستی، حکومەتی فیدراڵی پاساوی خۆی هەیە، هەروەها حکومەتی هەرێمیش پاساوی خۆی هەیە، ئێمە زۆر باش دەزانین چارەسەرەکە لە کۆڕبەندییە سیاسییەکان و لە لێک نزیککردنەوەی تێڕوانینەکان و مێزی گفتوگۆدا خۆی دەبینێتەوە، ئەوەی پشتیوانی دەکات بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی جێی رەزامەندی لە نێوان هەردوو لایەندا، ئەمەیە ئێمە پشتیوانی دەکەین.
هەردوو رێژەکە ئێمە وا دەیبینین مافە بۆ هاووڵاتییەک کە لە هەرێمی کوردستاندا دەژی، و ئەم هەرێمەش بەشێکی سەرەکییە لەم وڵاتە، کەواتە ئەم مافانە مافی گەلن، و ئەم گەلەش یەک رەنگە و یەک ناونیشانی هەڵگرتووە. لای ئێمە هیچ جیاوازییەک نییە لە مامەڵەکردندا لە نێوان هاووڵاتیی کورد لە هەرێمی کوردستان و هەروەها هاووڵاتیی عەرەب و کەمینەکانی دیکە لە سەرجەم ناوچەکانی دیکەی وڵات. ئێمە وا دەبینین ئەم مافانە مافی هاووڵاتین، و کاتێک پاساو هەبن بۆ زیادکردنی رێژەکە، دەبێت بە سیاسییانە گفتوگۆی لەسەر بکرێت و پێشکێش بکرێت ئەوەی پاڵپشتیی پرۆسەی گۆڕانکارییەکە دەکات، لە ئەنجامدا گەیشتن بە مافێک لە پێش هەموو شتێکدا رەزامەندیی خەڵکی تێدا بێت؛ ئەمەش ئەوەیە ئێمە باوەڕمان پێیەتی، چونکە هێڵی سوورە و ناتوانین بڕۆین بەرەو ئەوەی سازش لەسەر مافی خەڵک بکرێت لەسەر، لەسەر هەر ئاستێک نوێنەرایەتی خەڵك بکات ، جا ئەم هاووڵاتییە هاووڵاتییەک بێت لە هەرێمدا بژی یان هاووڵاتییەک بێت کە لە پارێزگاکانی دیکەی دەرەوەی هەرێمدا دەژی.
رووداو: باشە دکتۆر، کەی کابینەی حکومەت تەواو دەکرێت؟
د. حوسام روبەیعی: یەکێک لەو خاڵانەی قسەمان لەسەر کرد، سەرکردایەتی، سەرکردایەتیی سیاسیی هەردوو پارت قسەیان لەسەر کرد، ئەویش جەختکردنەوە بوو لەسەر ئەوەی دەبێت تەواوکردنی کابینەی وەزاری هەبێت، و ئەم رێکارانەش دەبێت بەهێلێکدا بڕۆن، واتە هێڵێک دەبێت خێرایی بەخۆیەوە ببینێت لە پرۆسەی جێبەجێکردن و راسپاردندا، و دەبێت حکومەتێکی تەواو هەبێت، لەبەر ئەوەی ئێمە باوەڕمان وایە و قسەشمان لەسەر کرد، هەبوونی بودجەیەکی پاک لە خاڵە جێناکۆکەکان لەگەڵ بوونی حکومەتێکی تەواودا، باشترە بۆ پرۆسەی هێنانەدیی بڕگەکانی ئەو بودجەیە، و لە ئەنجامدا ئەوەی سوودمەند دەبێت لە بڕگەکانی ئەو بودجەیە خودی هاووڵاتییە.
لەبەر ئەوە جەخت دەکەینەوە لەوەی هەردوو لایەن لەم دیدارەدا قسەیان لەسەر کرد: دەبێت هەنگاوی بەپەلە هەبێت بۆ پرۆسەی تەواوکردنی کابینەی حکومەت، تۆ زۆر باش دەزانیت هەردوو پارت نەگەیشتوونەتە شایستە تەواوەکانی خۆیان، و چاومان لەوەیە ببینە بەشێکی تەواوکەر و راستەقینە لە بەڕێوەبردنی کارای دەوڵەتدا لە دوای پرۆسەی تەواوکردنی پێکهێنانی کابینەی وەزاری.
رووداو: زۆر سوپاس بۆ تۆ دکتۆر حوسام روبەیعی، وتەبێژی هاوپەیمانیی خزمەتگوزاری (خەدەمات) لە بەغداوە کە میوانی رووداو بوویت.


