رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ گۆڕانکاری لە نرخی دراو، بازاڕ و هاووڵاتییان رووبەڕووی بەرزبوونەوەی نرخ بوونەتەوە، بۆیە حکومەتی عێراق و وەزارەتی کشتوکاڵ چەند رێکارێکی پێشوەختەیان گرتووەتەبەر.
قوسەی حەتاب، میوانی بووڵتەنی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو بوو. لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح، گفتوگۆی تایبەتی کرد لەبارەی باجی گومرگی سەر هێلکە و مریشک و گۆشتی ئاژەڵی هاوردەکراو و وەڵامی چەندین پرسیاری دایەوە.
عێراق پێویستی بە 9 ملیار هێلکەیە
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق گوتی، "ئەم بڕیارە پێشوازییەکی بەرفراوانی لەلایەن خاوەن پەلەوەر و بازرگانانی گۆشت و هاووڵاتییانەوە لێکرا، بۆ ئەوەی کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ئەو نرخانە هەبێت کە لەم دواییانەدا لە بازاڕەکاندا بەرزبوونەتەوە، بەتایبەتی نرخی هێلکە."
حەتاب ئاماژەی بەوەشکرد، "بڕیارەکە لە لەخۆوە نەبووە، بەڵکو دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد و گفتوگۆی زۆر لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ دراوە. وەزارەتیش ئەم بڕیارە بوێرانەیەی سەرۆکوەزیران بەرز دەنرخێنێت."
بە گوتەی حەتاب، بۆ گەیشتن بە خۆبژێوی لە بەرهەمهێنانی هێلکەدا، عێراق پێویستی بە نزیکەی 9 ملیار هێلکەیە، بەڵام ئێستا کەرتی تایبەت و گشتی نزیکەی 6 ملیار هێلکە بەرهەم دەهێنن، کە جیاوازییەکی گەورەیە.
وەزارەتی کشتوکاڵ کارئاسانی بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتی پڕۆژەکانی پەلەوەر کردووە و ژمارەی ئەو لایەنانەی بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەت پێویست بوون، لە 11 لایەنەوە بۆ دوو لایەن کەمکردووەتەوە. حەتاب دەڵێت، "ئەمەش پاڵپشتییەکی گەورەیە بۆ بەرهەمهێنەرانی پەلەوەر و کاریگەریی ئەرێنی لەسەر بازاڕ و نرخی هێلکە دەبێت."
هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی هێلکە
سەبارەت بە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی هێلکە، حەتاب گوتی: "یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان داخستنی تەنگەی هورمز و راگرتنی گەیشتنی ئالیک بوو بە پەلەوەرەکان، ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی هێلکە، کە بۆ یەکەمجار بوو لە وەرزی هاویندا نرخەکەی بەرزببێتەوە."
پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا
لەسەر پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، گوتەبێژەکەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق گوتی، "وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان چەند رۆژێک لەمەوبەر سەردانی وەزارەتی کرد و هاوئاهەنگییەکی گەورە و رێککەوتنی گرنگ لەنێوان هەردوولادا واژۆکرا. بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانیش بۆ پاڵپشتیی هاووڵاتییان و سەقامگیرکردنی بازاڕە، ئەگەر زیانێک بە خاوەن پڕۆژەکانی پەلەوەر لە هەرێمی کوردستان بگات، وەزارەتی کشتوکاڵ هاوسۆزی خۆی بۆ هەر پڕۆژەیەک دووپات دەکاتەوە کە لەوانەیە بەهۆی بڕیارە حکومییەکانەوە زیانی بەرکەوتبێت."
پلانی زستانە
سەبارەت بە پلانی زستانە، حەتاب رایگەیاند، "پلانی زستانە هەفتەی رابردوو لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسندکرا و رووبەرەکەی 7 ملیۆن دۆنمی تێپەڕاندووە. زیاتر لە 5 ملیۆن دۆنم بۆ گەنم تەرخانکراوە و ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ جۆ، گەنمەشامی و سەوزەواتە."


