رووداو دیجیتاڵ
ئەمرۆ پێنجشەممە نرخی زێڕ بەرزبووەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بەهای دۆلار لە بەرزترین ئاستی 18 مانگی رابردووی پاشەکشەی کرد، بەم هۆیەشەوە نرخی زێڕ توانی لە نزمترین ئاستی دوو مانگی رابردووی دەرباز بێت. هاوکات بازرگانان تاوتوێی ئەگەری بەرزکردنەوەی زیاتری رێژەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە لەم ساڵدا دەکەن.
نرخی زێڕ لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا ئەمڕۆ پێنجشەممە بە رێژەی 0.5% بەرزبووەوە و گەیشتە 4,132 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک. رۆژی چوارشەممە، بەهۆی بەهێزبوونی دۆلار و بەرزبوونەوەی سوودی سەر قەواڵەکانی گەنجینەی ئەمریکا، نرخی زێڕ نزمترین ئاستی لە دوای 5ـی ئابەوە تۆمارکردبوو.
دابەزینی بەهای دۆلار، خواستی لەسەر کڕینی زێڕ زیادکرد لەبەر ئەوەی زێڕ بۆ ئەو کڕیارانەی دراوەکانی دیکە بەکاردەهێنن هەرزانتر دەکەوێت.
کریس وێستن، بەرپرسی بەشی توێژینەوە لە کۆمپانیای پپەرستۆن (Pepperstone) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "زێڕ لە کورتخایەن هێشتا رووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە. ئێستا بازاڕ زیاتر لە بەرژەوەندیی فرۆشیاراندایە، پێویستە نرخی زێڕ ئاستی 4,275 دۆلار تێپەڕێنێت بۆ ئەوەی بتوانین گەشبینتر بین بە بەرزبوونەوەی زیاتری لە ئایندەیەکی نزیکدا."
وێستن ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەگەر بازاڕەکان بەرزبوونەوەی سوودی قەواڵە داراییەکانی گەنجینە وەک رەنگدانەوەی مەترسییە داراییەکان و متمانەی قەرزە سەروەرییەکان لێکبدەنەوە، نەک وەک نیشانەیەک بۆ بەهێزیی بنەما ئابوورییەکان، ئەو کاتە رەنگە ئاراستەی زێڕ بە پێچەوانەی سوودی سەر قەواڵەکان روو لە بەرزبوونەوە بکات و کڕینی زێڕ وەک پەناگەیەک لە دژی دابەزینی بەهای دۆلار بەهێزتر بێتەوە."
بەپێی کۆنووسی کۆبوونەوەکەی بانکی ناوەندی ئەمریکا، مانگی رابردوو بەرپرسانی بانکەکە ناکۆک بوون لەسەر هۆکاری بەرزکردنەوەی رێژەی سوود؛ بە جۆرێک هەندێک لە ئەندامان بەرزکردنەوەکەیان بە پێویست زانیوە بۆ بەرگەگرتن لە لێکەوتەکانی شۆکی نرخی وزە و کەلوپەلەکانی دیکە، بەڵام بەشێکی دیکەیان پێیانوابووە ئەم هەنگاوە بۆ رێگریکردنە لە هەڵاوسانێک کە بەهۆی زیادبوونی خواستەوە دروست دەبێت.
ئێستا بازرگانان ئەگەری بەرزکردنەوەی رێژەی سوود لە کۆتایی ئەم مانگەدا تەنیا بە 18% دەخەمڵێنن، بەڵام پێشبینی دەکەن بە ئەگەری 80% لە مانگی کانوونی یەکەمدا بەرزبکرێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، کریستالینا جۆرجیێڤا، بەڕێوەبەری گشتیی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF) هۆشداریدا لەوەی ئابووریی جیهان لەژێر هەڕەشەی بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی وزە، قەرزە گشتییە پێوانەییەکان و مەترسییەکانی گەشەی خێرای وەبەرهێنان لە بواری ژیریی دەستکرددایە؛ داواشی لە حکومەتەکان کرد سیاسەتی دارایی و نەختیی پارێزەر بگرنەبەر.

