رووداو دیجیتاڵ
بەهای دینار بەردەوامە لە دابەزین و ئەمڕۆ 100 دۆلار گەیشتە 162 هەزار دینار. سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە دەگوترێ گوایە 100 دۆلار دەگاتە 200 هەزار دینار.
حاجی سابیر باواجی، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر، نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 06-10-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "100 دۆلار گەیشتووەتە 162 هەزار دینار و ئەگەر هەیە بەهای دینار زیاتریش دابەزێت".
هاوکات لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی، هاوشێوەی هەولێر 100 دۆلار بەرامبەر 162 هەزار دینارە.
هەرچەندە بانکی ناوەندی بە فەرمی ئاشکرای نەکردووە، بەڵام پەرلەمانتارانی عێراق دەڵێن، لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027ـدا 100 دۆلار بە 150 هەزار دینار هەژمار کراوە. حاجی سابیر باواجی گوتی: "هۆکاری سەرەکیی دابەزینی بەهای دینار هەر ئەوەیە کە دەگوترێت بانکی ناوەندی 100 دۆلار دەکاتە 150 هەزار دینار".
دەنگۆی ئەوە هەیە 100 دۆلار لە بازاڕدا بگاتە 200 هەزار دینار، بەڵام سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر دەڵێت: "هیچ بنەمایەکی نییە؛ لە بەرزترین ئاستدا 100 دۆلار 20 هەزار دینار لەگەڵ بانکی ناوەندی جیاوازیی دەبێت، واتا بە فەرمیش 100 دۆلار لە بانکی ناوەندی بکرێتە 150 هەزار دینار، لە بازاڕدا دەگاتە 170 هەزار دینار".
سابیر باواجی پێشبینی دەکات: "ئەگەر بە فەرمی 100 دۆلار لە بانک ببێتە 150 هەزار دینار، لە بازاڕیش بگاتە 170 هەزار دینار کاتیی دەبێت و نرخی بازاڕ لە داهاتوودا بە نزیکەی 160 هەزار دینار جێگیر دەبێت".
ئێستا بانکی ناوەندیی عێراق 100 دۆلار بە 132 هەزار دیناری عێراقی دەفرۆشێت.



.jpg&w=3840&q=75)