رووداو دیجیتاڵ
لە مامەڵەکانی ئەمڕۆی بازاڕی دراوی تاران، نرخی دۆلار بەرامبەر بە تمەن 2,300 تمەن یان بە رێژەی 0.86% بەرزبووەوە و گەیشتە 271,200 تمەن.
لە 24 کاژێری رابردوودا، مەودای گۆڕانکاریی نرخی دۆلاری ئەمریکی لەنێوان 268,200 بۆ 272,200 تمەندا بووە. بەهای ئێستای دۆلار بەراورد بە 7 رۆژی رابردوو 2.61% بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە، هەروەها لە ماوەی 6 مانگی رابردووشدا بە رێژەی 51.68% بەرزبووەتەوە.
شارەزایانی ئابووری پێیان وایە لە ئەگەری بەردەوامیی خستنەڕووی دراو لەلایەن بانکی ناوەندییەوە و نەبوونی هیچ هەواڵێکی سیاسیی یەکلاکەرەوە، ئەگەری مانەوەی نرخ لە ئاستەکانی 267 بۆ 271 هەزار تمەندا یاخود پاشەکشەیەکی سنووردار لە ئارادایە.
ئەوان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەگەر گوشاری فرۆشتن بەهێزتر بێت و ئاماژەکانی کەمبوونەوەی گرژییە سیاسییەکان دەربکەون، دەکرێت نرخی دۆلار بەرەو مەودای 267 بۆ 268 هەزار تمەن پاشەکشە بکات. لەم دۆخەدا، دابەزینی زیاتری نرخەکان گرێدراوە بە بەردەوامیی خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندی و کەمبوونەوەی خواستی خۆپارێزی لە بازاڕدا.
لە بەرامبەردا، بڵاوبوونەوەی هەواڵی نوێ لەبارەی توندبوونەوەی گرژییە سەربازییەکان یاخود چەقبەستنی زیاتری دانوستاندنەکان، دەتوانێت خواستی خۆپارێزی بۆ کڕینی دۆلار بەهێزتر بکات. لەم سیناریۆیەدا، سەرەتا نرخی دۆلار دەتوانێت مەودای 272 بۆ 273 هەزار تمەن تاقی بکاتەوە و، لە ئەگەری بەردەوامیی خواستیشدا بەرەو ئاستی 275 هەزار تمەن هەڵبکشێت.



