رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت ئەمڕۆ سێشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، بەرەو بەرزبوونەوە ئاراستەی خۆی گۆڕی.
یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 42 سەنت بەرزبووەوە و بە 100 دۆلار و 74 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
نرخی یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 38 سەنت بەرزبووەوە و بە 89 دۆلار و 80 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
تیم واتێرەر، شارەزای بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای (KCM Trade) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "نرخی نەوت دوای دابەزینەکەی دوێنێ، گۆڕانکارییەکی کەمی بەسەردا هاتووە، لە کاتێکدا بازرگانان سەرقاڵی هەڵسانگاندنی قەبارەی خستنەڕووی نەوتن بەتایبەتی ئەو راپۆرتانەی کە ئەماژە بە بووژانەوە و بەرزبوونەوەی هەناردەی نەوتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەدەن."
واتێرەر ئاماژە بەوەش دەکات، "زیادبوونی ئامارەکانی هەناردەی نەوتی سعودیە و بڕیارەکەی گرووپی حەوت (G7) بۆ بەکارهێنانی یەدەگی ستراتیژی، یارمەتیدەرن لە کۆنترۆڵکردنی نرخەکان لەم کاتانەدا".
داتاکانی چاودێریی کەشتیوانی رۆژی دووشەممە دەریانخست کە هەناردەی نەوتی خاوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ماوەی چوار رۆژ لە هەفتەی کۆتایی مانگی ئەیلوولدا ئاستی پێش جەنگی تێپەڕاندووە، ئەمەش بەردەوامی و خۆڕاگریی هەناردەی نەوتی ناوچەکە پێشاندەدات سەرەڕای ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز.
لەلایەکی دیکەوە رۆژی هەینی وڵاتانی گرووپی حەوت لەژێر گوشاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رێککەوتن لەسەر خستنەڕووی 100 ملیۆن بەرمیل گازوایل و نەوتی خاو لە یەدەگی فریاگوزارییەکانیان، هەروەها بەڵێنیاندا لە دانانی هەر بەربەستێک بۆ هەناردەکردنی وزە خۆیان بەدوور بگرن.
سەرەڕای ئەوەش، بەهۆی چەقبەستنی دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، بەردەوامیی ئاڵۆزییەکانی نێوان سعودیە و هێزەکانی حووسی لە یەمەن، نیگەرانییەکان لەسەر بەردەوامی گواستنەوەی نەوتی سعودیە هەر بەردەوامە.
.jpg&w=3840&q=75)


