رووداو دیجیتاڵ
ئۆپێک پڵەس بڕیاری دا پێداچوونەوە بە بڕی بەرهەمهێنانی وڵاتانی ئەندام بۆ ساڵی 2027 دوابخات، ئەوەش بەهۆی ئەو دۆخەی لە ناوچەکەدا هەیە. گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، هەر دیاریکردنێکی بڕی بەرهەمهێنان، عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
بڕیار بوو پێداچوونەوە بە بڕی بەرهەمهێنانی وڵاتان تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلوولی 2026 تەواو بێت، بەڵام ئەو وادەیە بۆ نێوەڕاستی مانگی تشرینی دووەم دواخرا. هۆکاری سەرەکیی ئەم بڕیارە بۆ جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران دەگەڕێتەوە.
سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، رۆژی شەممە (3ی تشرینی یەکەمی 2026) بە رووداوی راگەیاند: "زانیارییە داواکراوەکان رادەستی ئەو کۆمپانیا راوێژکارییە کراون کە بەرپرسە لە داڕشتنەوەی بڕی بەرهەمهێنانی وڵاتانی ئەندام."
سەلیم روکابی ئاماژەی بەوەش کرد، "سنووردارکردنی ئۆپێک پڵەس لە بواری بەرهەمهێنانە نەوەک هەناردەکردن. بڕیارەکانی بوارەکە بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە."
گوتەبێژەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق گوتی، "عێراق ئێستا رۆژانە نزیکەی 2 ملیۆن و 650 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات" و لەو بڕە، تێکڕا 2 ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل لە رێگەی بەندەرەکانی باشوورەوەیە و 250 هەزار بەرمیلیش لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکیا دەکرێ، کە 140 هەزار بەرمیلی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان و 40 هەزار بەرمیلیشی لە کێڵگەکانی کەرکووکەوەیە، رۆژانەش 70 بۆ 100 هەزار بەرمیل نەوتی بەسرە، (کە رۆژانە بڕەکەی دەگۆڕێ) رەوانەی کەرکووک دەکرێت بۆ ئەوەی هەناردە بکرێ.
عێراق دەیەوێ تاوەکو ساڵی 2030 بەرهەمهێنانی نەوت بگەیێنێتە نزیکەی 10 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا. عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەیەکدا لە بەغدا لە 1ی ئەیلوولی 2026 کۆمەڵێک بڕیار و رێنمایی دا بە مەبەستی زیادکردنی بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکان بۆ گەیشتن بەم ئامانجە.



