رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەهۆی بەردەوامیی گوشارەکان لەسەر دۆلاری ئەمریکی، نرخی زێڕ زیاتر لە 1% بەرزبووەوە.
هاوکات وەبەرهێنەران چاوەڕوانی داتاکانی هەڵاوسانی ئەمریکان لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا، تاوەکو ئاراستەی سیاسەتی نەختینەیی بانکی ناوەندیی ئەمریکایان بۆ روون بێتەوە.
دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، ئەمڕۆ نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بە رێژەی 1.4% بەرزبووەوە و گەیشتە 4,414 دۆلار. نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ رادەستکردنی لە مانگی کانوونی یەکەم بە رێژەی 0.5% بەرزبووەوە و بە 4,458 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
دەیڤید میگەر، بەڕێوەبەری بەشی کانزاکان لە کۆمپانیای (High Ridge Futures) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "هەلومەرجێکی لەبار بۆ بازاڕی زێڕ دروستبووە، بەهۆی ئەوەی ماوەیەکە دۆلاری ئەمریکی لەژێر گوشاردایە."
دۆلار لە نزیک نزمترین ئاستی دوو هەفتەی رابردوودا ماوەتەوە، ئەمەش وایکردووە زێڕ بۆ ئەو کەسانەی بە دراوی دیکە مامەڵە دەکەن، هەرزانتر بێت.
ئەمە هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و تێپەڕاندنی نرخەکەی بۆ سەرووی 100 دۆلار.
رۆنا ئۆکۆنێڵ، سەرۆکی شیکاری بازاڕ لە کۆمپانیای (Stone X) لەو بارەیەوە دەڵێت: "بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی هەڵاوسان، بەڵام بەگشتی سیاسەتی نەختینەیی سەرنجی لەسەر کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسانە، لەبەر ئەوەیە کە سوودی سەر قەواڵەکانی گەنجینەی ئەمریکا بەرزبووەتەوە."
سوودی سەر قەواڵەکانی گەنجینەی ئەمریکا بۆ بەرزترین ئاستی خۆی لەدوای مانگی تشرینی دووەمی 2023ـەوە بەرزبووەتەوە.
مامەڵەکاران ئەمڕۆ چاوەڕوانی بڵاوبوونەوەی داتاکانی پەیوەست بە نرخی کۆفرۆشین لە ئەمریکا، بۆ ئەوەی ئاراستەی سیاسەتی نەختینەیی ئەمریکایان بۆ دەربکەوێت.
بەپێی پێوەری (CME FedWatch)، بازاڕ بە رێژەی نزیکەی 60% پێشبینیی بەرزکردنەوەی رێژەی سوود دەکات لە کۆبوونەوەی بانکی ناوەندییدا لە هەفتەی داهاتوودا.



