رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی عێراق دڵنیایی دەدات و رایدەگەیێنێت، پارەی هاووڵاتییان لە "بانکی تەیفی ئیسلامی" پارێزراوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی بانکی ناوەندیی عێراق، کە ئەمڕۆ رۆژی سێشەممە 8ی ئەیلوولی 2026 بڵاوکراوەتەوە، مافی هەموو ئەو کەسانەی پارەیان لەو بانکەدا داناوە پارێزراوە و سەپاندنی سەرپەرشتیاری تەنیا رێکارێکی چاودێری و پارێزگارییە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دەنگۆی جیاواز لەبارەی چارەنووسی پارەی هاووڵاتییان لەو بانکەدا بڵاوبووەوە. بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، ئەم هەنگاوە رێگری لە هەر جۆرە تێکچوونێکی دارایی دەکات و بەردەوامیی کارە بانکییەکانی بەپێی یاسا و رێنماییە کارپێکراوەکان مسۆگەر دەکات.
بانکی ناوەندیی عێراق، ئاماژەی بەوەش کردووە، "مافی مووچەخۆران و خاوەن پشکەکان لە بانکی تەیفی ئیسلامی پارێزراوە و گرتنەبەری ئەم رێکارە تەنیا بۆ چاودێریکردن و پاراستنی سەرمایەی هاووڵاتییانە."
بۆ رێکخستنەوەی کاروباری بانکەکە، بانکی ناوەندیی عێراق بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەو سەرپەرشتیارەی بۆ بانکەکە دەستنیشان کراوە، کار بۆ بەهێزکردنی نەختینەیی دەکات. رێکاری نوێ گیراوەتەبەر بۆ ئەوەی پرۆسەی راکێشانی پارە و دانەوەی شایستە داراییەکان بە شێوەیەکی قۆناخ بە قۆناخ و رێکخراو بێت، ئەمەش بە مەبەستی بەڕێوەبردنی کارەکانە بەپێی ئەو ئەولەویەتە چاودێرییانەی کە پەسەند کراون.
یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکان کە بانکی ناوەندی رەچاوی کردووە، دۆخی ئەو فەرمانبەرانەیە کە مووچەکانیان لەسەر ئەو بانکەیە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لەم قۆناخەدا، دابینکردنی مووچەی ئەو فەرمانبەرانەی کە مووچەکانیان لەو بانکە تەوتین کراوە، لە پێشینەی کارەکانماندایە." ئەمە دڵنیایی دەداتە هەزاران خێزان کە نیگەرانی دواکەوتنی بژێوییان بوون، چونکە سیستمی تەوتین (بەبانکیکردنی مووچە) یەکێکە لە پایە سەرەکییەکانی چاکسازیی دارایی لە عێراق.
رێکارە چاودێرییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق، بەشێکن لە ستراتیژیی گشتی بۆ بەهێزکردنی متمانە بە کەرتی بانکی و رێگریکردن لە هەر ناسەقامگیرییەکی دارایی. بانکی ناوەندی داوا لە هاووڵاتییان و دەزگاکانی راگەیاندن دەکات کە تەنیا پشت بەو راگەیێندراو و زانیارییانە ببەستن کە لە سەرچاوە و کەناڵە فەرمییەکانەوە بڵاو دەکرێنەوە، چونکە رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی ناڕاست، رۆڵێکی سەرەکی لە پاراستنی سەقامگیریی بازاڕی دراو و متمانەی خەڵک بە دامەزراوە داراییەکاندا دەگێڕێت.
سەرەتای ئەم مانگە، بەنکی ناوەندیی عێراق بە بڕیارێک، سەرپەرشتیی بەسەر بەنکی تەیف بۆ وەبەرهێنان و دارایی ئیسلامی دا سەپاند و بۆ ماوەی 18 مانگ خستییە ژێر چاودێریی خۆیەوە. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات کە چەندین سەرپێچیی دارایی و کارگێڕی لە بەنکەکەدا تۆمار کرابوون، کە مەترسییان لەسەر سەقامگیریی دارایی وڵات و سامانی هاووڵاتییان دروست کردبوو. ئەوەش ئەو خەڵکانەی نیگەران کرد کە پارەیان لەو بانکەداناوە و لە بەردەم بانکەکە گردبوونەوە و داوای پارەکانیان دەکرد.
.jpg&w=3840&q=75)


