رووداو دیجیتاڵ
ئەمرۆ پێنجشەممە نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، ئەوەش دوای ئەوەی بەهای دۆلار و سوودی قەواڵەکانی گەنجینەی ئەمریکا پاشەکشەیان کرد. هاوکات وەبەرهێنەران چاوەڕێی داتاکانی کەرتی کار دەکەن کە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بڕیارەکانی داهاتووی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەبێت.
نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ ئەمڕۆ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بە رێژەی 0.6% بەرزبووەوە و گەیشتە 4430 دۆلار. ئەوەش دوای ئەوەی لە دانیشتنی پێشوودا نزمترین ئاستی لە ماوەی مانگێکدا تۆمارکردبوو. نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بە رێژەی 0.9% بەرزبووەوە و گەیشتە 4,455.30 دۆلار.
دابەزینی بەهای دۆلار و کەمبوونەوەی سوودی قەواڵەکانی گەنجینەی ئەمریکا بوونە هۆی پاڵپشتیی نرخەکان. دابەزینی دۆلار وا دەکات کڕینی زێڕ و کانزاکانی دیکە بۆ هەڵگرانی دراوەکانی دیکە هەرزانتر بکەوێت.
بڕیارە رۆژی هەینی داتاکانی دامەزراندن لە دەرەوەی کەرتی کشتوکاڵ لە ئەمریکا بڵاوبکرێنەوە.
ئیلیا سپیڤاک، شارەزای بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای (تەیستی لایڤ) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "راپۆرتی هەلی کار گرنگترین رووداوی ئەم هەفتەیە دەبێت. ئەگەر داتاکان کەمتر بن لە پێشبینییەکان و ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەیلوول کەم ببێتەوە، ئەوا نرخی زێڕ زیاتر بەرز دەبێتەوە."
ئەو شارەزایە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر نرخەکان ئاستی 4,400 دۆلار تێپەڕێنن، ئەوا ئاراستەی نرخ بەرەو 4,500 دۆلار و پاشان 4,700 دۆلار دەچێت.
بەگوێرەی پێوەری (CME FedWatch)، ئێستا بازاڕەکان بە رێژەی 62% پێشبینی دەکەن لەم مانگەدا نرخی سوودی بانکی لە ئەمریکا بەرز بکرێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، راپۆرتێکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا کە رۆژی چوارشەممە بڵاوکرایەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە چالاکییە ئابوورییەکان و هەلی کار لە هەفتەکانی رابردوودا گەشەیەکی کەمیان هەبووە، ئەمەش وایکردووە بڕیاردەرانی بانکەکە لەبەردەم بژاردەی سەختدا بن بۆ کۆبوونەوەی رۆژانی 15 و 16ی ئەیلوول سەبارەت بە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی.


