رووداو دیجیتاڵ
عێراق دەیەوێ بەرهەمهێنانی نەوت بگەیێنێتە 10 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا و بۆ گەیشتن بەو ئامانجەش پێویستی بەوەیە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان زیاد بکرێ.
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا لە بەغدا رایگەیاند، پێویستە بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق تاوەکو ساڵی 2030 بگاتە نزیکەی 10 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا. بۆ ئەم مەبەستەش رێنمایی دا بە زیادکردنی بڕی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ سێشەممە 1ی ئەیلوولی 2026 سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی ستافی باڵای وەزارەتی نەوتی کرد بە ئامادەبوونی وەزیرانی دارایی و نەوت، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پلانی ستراتیژیی گەشەپێدان و زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ ساڵانی 2027-2030.
بە گوێرەی راگەییێندراوی نووسینگەکەی، زەیدی پێداچوونەوەی بە وردەکارییەکانی ئەو پلانەدا کرد کە پێشتر رێنمایی ئامادەکردنی دابوو.
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردەوە، دەبێت بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لەگەڵ قەبارەی یەدەگ و دانیشتووانەکەی بگونجێت تاوەکو پێداویستییەکانی گەشەپێدان دابین بکات. لەم چوارچێوەیەدا، پێداگری لەسەر نۆژەنکردنەوەی ژێرخان و تواناکانی هەناردەکردن کرد بۆ ئەوەی لەگەڵ زیادبوونی چاوەڕوانکراوی بەرهەمهێناندا بگونجێت.
سەرۆکوەزیرانی عێراق رێنمایی دا بە زیادکردنی بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و فراوانکردنی کێڵگە نوێیەکانی گەڕان بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی پلانەکە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق هەروەها رێنمایی بە بەکارهێنانی تەواوەتیی گازی هاوەڵ دا بۆ دابینکردنی پێداویستیی نێوخۆیی و کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان، تاوەکو وڵاتەکە لە هاوردەکردنی گاز پێویستی بە شوێنی دیکە نەبێت.
سەرۆکوەزیرانی عێراق وەزارەتی نەوتی راسپارد بۆ ئامادەکاریی سازدانی کۆنفڕانسێکی بەرفراوان کە گەورەترین کۆمپانیا نەوتییەکانی جیهانی بۆ بانگهێشت بکرێ، بە مەبەستی واژۆکردنی گرێبەست لە پێناو راکێشانی وەبەرهێنان و تەکنەلۆژیای جیهانی بۆ پرۆژەکانی گەڕان، بەرهەمهێنان، گەشەپێدان و هەناردەکردنی نەوت، بەو شێوەیەی کە پێگەی عێراق لە بازاڕی وزەی جیهانیدا بەهێز بکات.




