رووداو دیجیتاڵ
جووتیارانی سلێمانی و هەڵەبجە چاوەڕێی دابەشکردنی پارەی گەنمەکەیانن. بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی و هەڵەبجەش دەڵێن، هەفتەی داهاتوو پارەکە دەگاتە سلێمانی و دابەش دەکرێت.
نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی و هەڵەبجە سێشەممە 01-09-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پڕۆسەی دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیاران لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک دەستیپێکردووە، "پێشبینی دەکەین سەرەتای هەفتەی داهاتوو پارەی جووتیارانی سلێمانیش خەرج بکرێت."
بە گوتەی نەسرین ئەحمەد، سەرجەم ئامادەکارییەکان لە سلێمانی و هەڵەبجە کۆتاییان هاتووە و چاوەڕوانن رۆژی یەکشەممەی داهاتوو 21 ملیار و 908 ملیۆن دیناری جووتیارانی سلێمانی و هەڵەبجە دابەشبکرێت.
جووتیارانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک شایستەکانیان لە رێگەی هەژمارێکی بانکییەوە لە بانکی TBIوەردەگرن، نەسرین ئەحمەد جەختی لەوەکردەوە لە سلێمانی و هەڵەبجە پڕۆسەکە جیاوازە و جووتیاران ئەو هەژمارەیان نییە، لە بری ئەوە چەکی بانکییان پێدەدرێت و لە بانکی بابان لە سلێمانی بە کاش پارەکانیان وەردەگرن.



