رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ ئەمڕۆ سێشەممە بە نزمی مایەوە، ئەوە لەکاتێکدایە بازرگانان سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستن و چاوەڕوانی داتا گرنگەکانی بازاڕی کاری ئەمریکان کە بڕیارە ئەم هەفتەیە بڵاوببنەوە و دەکرێت کاریگەری لەسەر پێشبینییەکان بۆ سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندی ئەمریکا دروستبکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی زێڕ بە رێژەی 0.3% دابەزی و گەیشتە 4,437 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک. ئەمەش دوای ئەوەی لە رۆژی دووشەممە نزمترین ئاستی خۆی لە 19ی ئابەوە تۆمارکرد. نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ رادەستکردنی لە مانگی 12ـی ئەم ساڵدا بە رێژەی 0.1% بەرزبووەوە و گەیشتنە 4,485 دۆلار.
داتاکانی ئەم هەفتەیەی ئەمریکا بریتین لە راپۆرتی دامەزراندن لە کەرتی تایبەت و راپۆرتی بازاڕی کار کە لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە بڵاودەبنەوە کە بە وردی چاودێری دەکرێن بۆ دەستکەوتنی زانیاری لەبارەی دۆخی بازاڕی کار و ئاسۆکانی رێژەی سوودی بانکی لە ئەمریکا.
هەفتەی رابردوو نرخی زێڕ بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا تۆمارکرد، پێش ئەوەی رۆژی هەینی زیاتر لە 3% دابەزێت، ئەوەش دوای ئەوەی کیڤن وارش، سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەمریکا رایگەیاند: "کارێکی زۆریان لە پێشە ئەگەر هاتوو هەڵاوسان زیاتر دوور بکەوێتەوە لە ئامانجی 2٪ـی بانکی ناوەندی".
تۆنی سایکامۆر، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای IG لەو بارەیەوە دەڵێت: "زێڕ کەوتووەتە ژێر گوشاری گوتارە تووندەکەی سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەمریکا لە کۆنفرانسی جاکسۆن هۆڵ. ئەمە لە کاتێکدایە گرژییە نوێیەکانی تەنگەی هورمز بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و زیادبوونی پێشبینییەکانی هەڵاوسان."
ئەو شرۆڤەکارە دەشڵێت: "تەنیا یەکجار زیادکردنی رێژەی سوود نابێتە هۆی گۆڕانکارییەکی گەورە بۆ زێڕ، بەڵام دوو یان سێ جار رەنگە ببێتە هۆکار."
بەپێی پێنوێنی CME FedWatch، بازرگانان ئێستا ئەگەری 66%یان بۆ زیادکردنی رێژەی سوودی بانکی لە مانگی ئەیلوول و 89% لە مانگی کانوونی یەکەمدا دەبینن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند کە رێزێکی زۆری بۆ وارش هەیە و ئەویش ئەوەی پێویست بێت ئەنجامی دەدات سەبارەت بە رێژەی سوودی بانکی.
لە هەمان کاتدا، رۆژی دووشەممە ترەمپ هەڕەشەی هێرشی زیاتری بۆ سەر ئێران کرد.


