رووداو دیجیتاڵ
بەراورد بە سەرەتای ئەم مانگە، کیلۆیەک تەماتە نزیکەی سێ هێندە بەرزبووەتەوە، بەڵام کیلۆیەک هەنجیری ئاکرێ لە عەلوەی هەولێر لە 13 هەزار دینارەوە دابەزیوە بۆ سێ تاوەکو چوار هەزار دینار. بەرپرسانی عەلوە لەبارەی هۆکارەکەیەوە دەڵێن، تەماتە کەم دەبێتەوە و هەنجیریش زۆرە.
دانا عەزیز، ئەندامی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تەماتەی هەولێر بەرەو کەمبوونەوە دەچێ، بەڵام تەماتەی سیدەکان و حاجی ئۆمەران پێگەیشتووەو نرخیان بەرز بووەتەوە".
دانا عەزیز دەڵێ: "چەند رۆژێک لەمەوبەر تەماتەی هەولێر بە کۆ کیلۆی بە 250 دینار بوو، ئێستا تەماتەی هەولێر بە کۆ کیلۆی بە 500 دینارە و سیدەکان و حاجی ئۆمەرانیش کیلۆی لە 600 بۆ 750 دینارە؛ هۆکارەکەشی ئەوەیە بەرەو پاییز و کەمبوونەوەی بەرهەم دەڕۆین."
لە سەرەتای پێگەیشتنی هەنجیر لە مانگی رابردوودا، کیلۆیەکی هەنجیری ئاکرێ بە کۆ لە عەلوەی هەولێر گەیشتە 13 هەزار دینار. ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر دەڵێت: "ئەمڕۆ هەنجیری ئاکرێ بە کۆ کیلۆی سێ بۆ چوار هەزار دینارە؛ هەروەها هەنجیری تەقتەق کیلۆی هەزار بۆ هەزار و 500 دینارە."
دانا عەزیز ئاماژەی بە هۆکاری دابەزینی نرخی هەنجیر کرد و گوتی: "ئەم اڵ هەنجیر زۆر زۆرە.سەرەتا نرخەکەی زۆر بەرز بوو، بەڵام ئێستا ئەوەندە زۆر بووە هەموو جۆرەکانی هەنجیر نرخیان دابەزیوە."
هەر ئەمڕۆ حاجی عەتا محەممەد، گوتەبێژی عەلوەی سلێمانی بە رووداوی گوت: "کەمبوونەوەی تەماتە لە هەولێر کاریگەری لەسەر نرخەکە هەبووە و کیلۆی بە کۆ ئەمڕۆ دەگاتە 750 دینار؛ تەماتەی پێنجوێن پێگەیشتووە، بەڵام بڕەکەدە زۆر نییە نرخەکە دابەزێنێت."
لەبارەی نرخی هەنجیریشەوە گوتەبێژی عەلوەی سلێمانی گوتی: "هەنجیرمان هەیە کیلۆی بە هەزار دینارە، بەڵام هەنجیری زەڵم و ئەحمەداوا لە هەورامان،ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک هێشتا نرخیان بەرزە و کیلۆیان دەگاتە حەوت هەزار دینار."


