رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان بەردەوام بوو لە دابەزین و نزمترین ئاستی لە دوو هەفتەی رابردوودا تۆمارکرد. ئەمەش دوای ئەوەی کیڤن وارش، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد رەنگە بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان، پێویست بکات رێژەی سوودی بانکی بەرزبکرێتەوە.
نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، بە رێژەی 0.7% دابەزی و گەیشتە 4420 دۆلار کە نزمترین ئاستی زێڕە لە دوای 19ی ئابەوە. رۆژی هەینیش نرخەکان بە رێژەی زیاتر لە 3% دابەزیبوون.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی ئایندەدا بۆ رادەستکردنی لە مانگی کانوونی یەکەم، بە رێژەی 1.3% دابەزی و گەیشتە 4,472 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک.
تیم واتێرەر، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای KCM Trade لەو بارەیەوە دەڵێت، "زێڕ هێشتا لەژێر کاریگەریی ئەو لێدوانە تووندانەی وارش دایە کە لە کۆڕبەندی جاکسۆن هۆڵ پێشکێشی کرد. بازاڕ هێشتا سەرقاڵی هەرسکردنی گۆڕانکارییەکەیە لە پێشبینییەکانی پەیوەست بە سوودی بانکی، ئێستا چاوەڕێ دەکرێت بزانرێت ئایا هەڵوێستە تووندەکەی وارش بەرامبەر هەڵاوسان، لە مانگی ئەیلوولدا دەبێتە بڕیارێکی راستەقینە بۆ بەرزکردنەوەی سوودی بانکی یان نا."
رۆژی هەینی، وارش لە کۆڕبەندی ئابووریی جاکسۆن هۆڵ لە ویلایەتی وایۆمینگ رایگەیاند، ئەگەر داڕێژەرانی سیاسەتی نەختی دڵنیا نەبن لەوەی هەڵاوسان بەرەو ئامانجی 2% دەچێت، ئەوا بانکی ناوەندی کارێکی زۆری لەبەردەمە ئەنجامی بدات. ئەمەش وەک ئاماژەیەکی روون بۆ بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لێکدرایەوە.
بەپێی پێوەری FedWatchی سەر بە گرووپی CME، لە دوای لێدوانەکانی وارش، پێشبینییەکانی بازاڕ بۆ بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە مانگی ئەیلوولدا لە 36%ـەوە بۆ 57% بەرزبووەتەوە.
هەرچەندە زێڕ وەک پەناگەیەک دژی هەڵاوسان دەبینرێت، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی لە کاتی بەرزبوونەوەی سوودی بانکیدا گرنگییەکەی لەدەست دەدات، چونکە زێڕ کانزایەکە کە هیچ سوودێکی دارایی لەسەر نییە.
بڕیارە ئەم هەفتەیە زنجیرەیەک راپۆرتی گرنگ لەبارەی بازاڕی کاری ئەمریکا بڵاوبکرێنەوە، لەوانە ئامارەکانی هەلی کار و راپۆرتی دامەزراندن.
لە رووی جیۆپۆلەتیکییەوە، بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاند، هێزەکانی وڵاتەکەی رۆژی یەکشەممە دوو سەکۆی هاوێشتنی مووشەکی ئێرانییان لە دوورگەی لارک پێکاوە، ئەمەش یەکەم هێرشی ئەمریکایە بۆ سەر ئێران لە دوای کۆتایی تەممووزەوە. هەواڵەکەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.



