رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە رێژەی زیاتر لە 2% بەرزبووەوە، ئەمەش دوای ئەوەی ئەمریکا هێرشی کردەسەر دوورگەیەکی ئێران لە تەنگەی هورمز و تاران وەڵامی هێرشەکەی دایەوە. بەمەش ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێیان نایە شەشەم مانگی خۆیان.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 2.51 دۆلار یان (واتە 2.85%) بەرزبووەوە و گەیشتە 90.61 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. هاوکات نرخی نەوتی خاوی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە رێژەی 2.55% بەرزبووەوە و گەیشتە 85.53 دۆلار.
شەوی یەکشەممە، هێزەکانی ئەمریکا دوو سەکۆی هاوێشتنی مووشەکیان لە دوورگەی لارکی ئێران لە تەنگەی هورمز کردە ئامانج، ئەمە یەکەم هێرشی راگەیێندراوی ئەمریکایە بۆ ناوخۆی ئێران لەدوای کۆتایی تەممووزی رابردووەوە. لە بەرامبەردا، میدیاکانی ئێران لەسەر زاری سوپای پاسدارانەوە بڵاویانکردەوە، تاران هێرشی کردووەتە سەر دوو بنکەی ئاسمانیی ئەمریکا لە ئوردن.
تۆنی سایکامۆر، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای IG دەڵێت، "وادیارە لە قۆناخێکی نوێی پەرەسەندنی گرژییەکانداین. مەحاڵە بزانرێت ئەم دۆخە تاوەکو کەی بەردەوام دەبێت. رەنگە چەند رۆژێک یان چەند هەفتەیەک بخایێنێت."
سایکامۆر ئاماژەی بەوەش کرد، نەخشە تەکنیکییەکان نیشانی دەدەن ئەگەر جەنگەکە پەرەبستێنێت و نرخی نەوتی تەکساس ئاستی بەرگریی 85.80 بۆ 85.90 دۆلار تێپەڕێنێت، ئەوا رێگە بۆ بەرزبوونەوەی زیاتر خۆش دەبێت. سەرەتا بۆ 87.69 دۆلار کە بەرزترین ئاستی هەفتەی رابردووە، پاشان بۆ 93.50 دۆلار کە بەرزترین ئاستی مانگی تەممووزە.
لە لایەکی دیکەوە، دانوستاندنەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ گەیشتوونەتە بنبەست.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا راگەیاند، پێدەچێت ئەمریکا هەفتانە سزای نوێ بەسەر ئێراندا بسەپێنێت، بە ئامانجی بڕینی پەیوەندیی کۆماری ئیسلامی بە تەواوەتی بە سیستمی دارایی جیهانییەوە کە پشت بە دۆلار دەبەستێت.
هەرچەندە ئەمڕۆ نرخەکان بەرزبوونەتەوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت نەوتی برێنت و تەکساس لە مانگی ئابدا دابەزینێکی کەم تۆمار بکەن، دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو بە رێژەی 4% نرخەکانیان دابەزی.
شارەزایانی بانکی ANZ لە تێبینییەکدا بۆ بازرگانان ئاماژەیان بەوە کردووە، هەرچەندە رێگەی گەیشتن بە رێککەوتن بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز نادیارە، بەڵام بەردەوامی رۆیشتنی نەوت بە تەنگەکەدا وایکردووە ترسەکان لە پچڕانی دابینکردنی نەوت تا رادەیەک کۆنترۆڵ بکرێن.
داتاکانی کەشتیوانی نیشانی دەدەن، ژمارەی ئەو کەشتییانەی لە کۆتایی هەفتەدا بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون بۆ 5 کەشتی لە رۆژێکدا کەمبووەتەوە، ئەمەش نیشانەی تێپەڕینی کەشتییەکانە بە وریاییەکی زۆرەوە لە ترسی هێرشەکان. هەروەها دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) رایگەیاند، رۆژی شەممە کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە کاتی چوونە ناو گەرووەکە، بە تەنێکی نامۆ پێکراوە.
لەسەر ئاستی ناوخۆیی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، ئەو نەوتەی بەپێی رێککەوتنێکی نوێ لە ڤەنزوێلاوە دەگات، بۆ پڕکردنەوەی یەدەگی ستراتیژیی نەوتی وڵاتەکەی بەکاردێت، کە ئێستا لە نزمترین ئاستیدایە لە ماوەی 44 ساڵی رابردوودا.



