رووداو دیجیتاڵ هێرشە بەردەوامەکانی درۆنەکان بۆ سەر ژێرخانی لۆجستیکیی کۆمپانیای وایڵدبێریز لە رووسیا، زیانی گەورەی داراییی بە کارگێڕان و بازرگانانی کورد گەیاندووە؛ بە جۆرێک بەشێک لە کۆگا و کارگەکان بەرەو داخران دەچن. لە شارۆچکەیەکی پیشەسازیی مۆسکۆ، کۆگای بازرگانانی کوردی باکووری کوردستان کە پێش دوو مانگ نزیکەی 20 کەسی تێدا کاریان دەکرد، ئێستا تەنیا سێ کارمەندی تێدا ماوەتەوە. کالا و بەرهەمی ئەوان لەگەڵ بەرهەمی کڕیارەکانیان لە کۆگاکانی کۆمپانیای وایڵدبێریز سووتاون و کۆمپانیاکەش ئامادە نییە زیانەکانیان بۆ قەرەبوو بکاتەوە، ئەمەش وایکردووە کڕیارەکانیان لەدەست بدەن. ئومێد سەرهەدی، خاوەنی کۆمپانیای 'چار' لەبارەی زیانەکانیانەوە بە رووداوی راگەیاند: "کۆگاکانی ئەوان سووتا، هەم کەلوپەلی ئێمە و هەم کەلوپەلی کڕیارانمان سووتان. ئەوانەی بە کۆ کاریان لەگەڵ دەکردین و بەرهەمەکانیان لێ دەکڕین و دەیانفرۆشتەوە، زیانی گەورەیان بەرکەوت. کەلوپەلی ئێمە بە بەهای 50 تاوەکو 55 هەزار دۆلار سووتا، بەڵام کڕیارانمان بەشێکیان 100 هەزار و هەندێکیان 150 تاوەکو 200 هەزار دۆلار زیانیان پێگەیشت. پار ساڵ نزیکەی ملیۆنێک دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان هەبوو، بەڵام ئەمساڵ کە بەرەو کۆتایی دەچێت، رەنگە نەتوانین تەنانەت بگەینە 300 هەزار دۆلاریش." بەپێی ئامارەکانی کۆتایی مانگی ئاب، لە ئەنجامی هێرشی درۆنەکان بۆ سەر ژێرخانی لۆجستیکیی کۆمپانیای وایڵدبێریز، نزیکەی 22%ی توانای لۆجستیکیی کۆمپانیاکە – کە یەکسانە بە ملیۆنێک و 200 هەزار مەتر دووجا – وێران بووە. یەلێنا مالینۆڤا، ژمێریاری کۆمپانیای 'چار' لەبارەی چۆلکردنی بازاڕەکە بە رووداوی گوت: "بەداخەوە زۆرێک لە بازرگانان ئێستا کارەکانیان دادەخەن. زۆر کەس کە دەیانناسم لە رووسیا چوونە دەرەوە؛ بۆ نموونە بازرگانانی ئازەربایجان و تاجیکستان کارەکانیان جێهێشت. بۆیە کەس نازانێت لە داهاتوودا دۆخەکە بە کوێ دەگات." کۆمپانیای 'چار' زیاتر لە پێنج ساڵە خزمەتگوزارییە لۆجستیکییەکانی وایڵدبێریز بەکاردەهێنێت و لە هەموو کۆگاکانی ئەو کۆمپانیایە بەرهەمیان هەبووە. سەرهەد بازیدی، هاوبەشی کۆمپانیای 'چار' لەبارەی قەرەبووکردنەوەی زیانەکانیانەوە بە رووداوی راگەیاند: "کۆگاکانی وایڵدبێریز سووتان و لە هەموو کۆگایەکدا کەلوپەلی ئێمەی تێدا بوو. تەنیا لە کەلوپەلی کەسیی خۆم نزیکەی 25 تاوەکو 30 هەزار دۆلار سووتا. دەتوانم بڵێم وایڵدبێریز تەنیا 200 یان 300 دۆلار هاوکاریی بۆ ناردین و وەک تەمزینات دایپۆشین، خۆزگە ئەوەشی نەناردبایە." بەپێی خەمڵاندنی شارەزایان، قەبارەی گشتیی زیانەکانی وایڵدبێریز و مشترییەکانی لە ئەنجامی هێرشی دڕۆنەکاندا 800 ملیار ڕووبڵی تێپەڕاندووە؛ هەروەها کۆی قەرزی کۆمپانیاکە لە بانکەکاندا گەیشتووەتە 1.3 تریلیۆن ڕووبڵ. سەرڕای ئەم زیانە گەورانەش، تاتیانا کیم، دامەزرێنەری کۆمپانیای وایڵدبێریز، لە مانگی ئابدا بۆ پێنجەم جار لەسەر یەک لە پلەی یەکەمی ڕیزبەندی گۆڤاری فۆربس (Forbes) وەک دەوڵەمەندترین ژنی ڕووسیا دەستنیشان کرایەوە.