رووداو دیجیتاڵ
لە سێیەمین رۆژی شازدەیەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی بیناسازی، ئاوەدانکردنەوە، کارەبا و شارەوانی لە هەولێر، شاندێکی باڵای پارێزگای هەڵەبجە لە بەرنامەیەکی تایبەتی رووداو بەشداربوون کە لەلایەن محەممەد شێخ فاتیحەوە پێشکێش کرا. بەرپرسانی پارێزگاکە تیشکیان خستە سەر پێویستیی هەڵەبجە بە وەبەرهێنان، تەواوکردنی پڕۆژەکان، کردنەوەی دەروازەی سازان و دروستکردنی شاری پیشەسازی.
"بەنیازین پێشانگەیەکی بازرگانی لە هەڵەبجە بکەینەوە"
عادل نەسرەدین، ئەندام و بەرپرسی ژووری بازرگانیی هەڵەبجە دڵخۆشیی خۆی بە سەردانی پێشانگەکە دەربڕی و گوتی: "کۆمپانیاکان ئامادەییان دەربڕیوە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە و هاوکاریی هەڵەبجە. ئێمەش ئەو پڕۆژە و هاوکارییانە دەکەینە نووسراوی فەرمی و هاوکار دەبین لە ناساندنی ئەندامەکانمان بۆ جێبەجێکردنیان."
بەرپرسی ژووری بازرگانیی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەندامەکانیان بۆ وەرگرتنی خولی راهێنان ناردووەتە دەرەوە و گوتیشی: "پەیوەندیی بازرگانیمان لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زۆرباشە. بەنیازین پێشانگەیەکی بازرگانی لە هەڵەبجە رێکبخەین و ژوورە بازرگانییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی بۆ بانگێشت دەکەین."
عادل نەسرەدین جەختی لەوەش کردەوە کە کردنەوەی 'دەروازەی سنووریی سازان' جووڵەیەکی بازرگانیی زۆر گەورە لە ناوچەکەدا دروستدەکات.
"پێویستمان بە 300 ملیار دینارە بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکان"
ئەندازیار ئومێد شەریف، بەڕێوەبەری دیوانی پارێزگای هەڵەبجە، بەدەمەوەهاتنی کۆمپانیاکانی بە جێگەی دڵخۆشی و پێزانین ناوبرد و گوتی: "هاوکار بووین لە تەواوکردنی رێکارەکانی پڕۆژەکان و لە هەوڵداین مۆڵەت بدەینە پڕۆژەکانی کەرتی پیشەسازی."
سەبارەت بە پڕۆژەکانی سنووری پارێزگاکە، بەڕێوەبەری دیوانی پارێزگە گوتی: "نزیکەی 130 پڕۆژە لە هەڵەبجە کاریان تێدا دەکرێ، بەڵام بەهۆی دۆخی داراییەوە نەتوانراوە هەموویان تەواو بکرێن، چونکە تەواوکردنی سەرجەم پڕۆژەکان پێویستی بە 300 ملیار دینارە؛" ئاماژەی بەوەش دا کە تەنیا 15%ـی پڕۆژەی پردی تووەقوت تەواو کراوە و ئێستا کارکردن تێیدا وەستاوە".
ئومێد شەریف باسی لەوەش کرد کە پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە هەڵەبجە قۆناخی باشی بڕیوە؛ سەبارەت بە دەروازەی سنووریی سازانیش گوتی: "بەردەوام لەسەر هێڵین بۆ کردنەوەی دەروازەی سازان و هەنگاوی زۆر کەمی ماوە؛ ئێستا تەنیا ماوە بەغدا مۆڵەتی فەرمیی کردنەوەی دەروازەکە بدات."
"شارەکە زۆر تینووی وەبەرهێنانە"
زانیار حەمەنووری، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەڵەبجە رایگەیاند، بە بەرهەمەوە دەگەڕێنەوە هەڵەبجە و جێدەستی هەموو کۆمپانیاکان لە پارێزگاکەدا دیار دەبێت؛ هاوکات گوتی: "هەڵەبجە لە زۆربەی بوارەکاندا پێویستی بە وەبەرهێنانە و زۆر تینووی وەبەرهێنانە، بەتایبەت پێویستمان بە پڕۆژەی پیشەسازیی خۆراکییە و دەبێت برەو بە ساخکردنەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بدرێ."
بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی هەڵەبجە باسی لە کەرتی گەشتیاری و بازرگانی کرد و گوتی: "پێویستمان بە پڕۆژەی گەشتیاری و بازرگانییە و ئەگەری سەرکەوتنی پڕۆژەی گەشتیاری لە هەڵەبجە زۆر بەرزە."
سەبارەت بە شاری پیشەسازیی هەڵەبجە، زانیار حەمەنووری گوتی: "سەرجەم رێکارە کارگێڕییەکانی شاری پیشەسازیی هەڵەبجە تەواو بوون و تەنیا ماوە قەرەبووی جووتیاران و خاوەن زەوییەکان بکرێتەوە، کە بڕی قەرەبووەکە پێویستی بە 800 هەزار دۆلارە؛" گوتیشی کە دابینکردنی زەوی بۆ مەبەستی پیشەسازی لە شارەکە زۆر زەحمەتە و تاوەکو ئێستا تەنیا یەک کارگەی گەورە لە هەڵەبجە تۆمار کراوە، هاوکات بەهۆی کێشەکانەوە دەیان پڕۆژەی وەبەرهێنان مۆڵەتیان پێنەدراوە.
زانیار حەمەنووری ئاماری کارەکانی وەبەرهێنانی خستەڕوو و گوتی: "لە 20 ساڵی رابردوودا 15 مۆڵەتی وەبەرهێنانمان داوە کە سەرمایەکەیان زیاتر لە 250 ملیۆن دۆلار بووە؛ تەنیا پار 6 مۆڵەتی وەبەرهێنان دراون بە سەرمایەی 150 ملیۆن دۆلار، ئەمەش دەریدەخات کە دەرفەتی وەبەرهێنان بەتایبەت لە کەرتی گەشتیاریدا زۆر فراوانە."
.webp&w=3840&q=75)

