رووداو - دیجیتاڵ
لە 16مین پێشانگەی
نێودەوڵەتیی بیناسازی لە هەولێر، کۆمپانیا چینییەکان رۆڵێکی بەرچاویان هەیە؛ زیاتر
لە دوو هەزار مەتر لە رووبەری پێشانگەکە بۆ 125 کۆمپانیای چینی تەرخان کراوە کە لە
هەموو بوارەکانی بیناسازیدا بەشدارن.
کۆمپانیا چینییەکان
بە بەرهەمی نوێ و جۆراوجۆرەوە بەشدارن. لیڤیا لین، بەڕێوەبەری فرۆشی کۆمپانیایەکی
چینی بە رووداوی راگەیاند: "ئەم بەرهەمانەی ئێمە تایبەتن بە پەمپی ئاو و لە
ماڵاندا بۆ زیادکردنی پەستانی ئاو بەکاردەهێنرێن؛ بۆ نموونە، ئەگەر ماڵێک ژووری زۆر
بێت و پەستانی ئاوەکەی کەم بێت، پێویستی بە پەمپێکی لەم جۆرە دەبێت."
بەپێی ئامارە فەرمییەکان،
قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان چین و عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە ساڵانە دەگاتە
نزیکەی 54 ملیار دۆلار.
یووڵاندا یووین،
بەشداربوویەکی دیکەی کۆمپانیا چینییەکان لەبارەی بەرهەمەکانیانەوە بە رووداوی گوت:
"ئێمە کارگەیەکی گەورەی رووپۆشی زەویمان لە جۆری (SPC) هەیە کە لە بەرد و پلاستیک دروست دەکرێت،
دژە ئاو و ئاگرە، زۆر ئاسان دادەنرێت و تاوەکو هەزار ڕەنگی جیاوازی لێ بەردەستە."
رێک لە بەشی پێچەوانەی
پێشانگەکە، 60 کۆمپانیای تورکی جێگیر کراون. کۆمپانیاکەی کەرەم محەممەد کە خاوەنەکەی
خەڵکی ئامەدی باکووری کوردستانە، لە بواری بەرهەمهێنانی کێبڵدا کار دەکات و 28 ساڵە
بەرهەمەکانی هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکات.
قەبارەی
بازرگانیی نێوان تورکیا و عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە ساڵی رابردوو 14.5 ملیار
دۆلار بووە. خاوەن کۆمپانیا تورکییەکان لەو باوەڕەدان کۆمپانیا چینییەکان ناتوانن رکابەریی
کوالێتیی بەرزی بەرهەمە تورکییەکان بکەن.
موزەیەن گوچک گۆبە،
بەڕێوەبەری فرۆش لە کۆمپانیایەکی تورکی لەبارەی جیاوازیی کارەکانیانەوە بە رووداوی
راگەیاند: "جیاوازیی ئێمە لەوەدایە تەنیا ئامێر نافرۆشین، بەڵکو ئەندازیار و
تیمی تەکنیکیی تایبەت دەنێرین بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکان و چاککردنەوەی ئامێرەکان؛
بەرهەمەکانمان زۆر بە خێرایی رادەست دەکەین و لە پشتیوانیکردنی کڕیاراندا باشترینین."
16مین
پێشانگەی نێودەوڵەتیی بیناسازی، کارەبا و وزە لە هەولێر بووەتە ناوەندێکی گرنگ بۆ
کۆکردنەوەی 450 کۆمپانیا لە 20 وڵاتی جیاوازەوە.


