رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، عێراق چوارەم وڵاتی جیهانە لە دەستوەردانی حکومەت لە چالاکیی ئابووری و 10 ملیۆن هاووڵاتی مووچە و هاوکاری لە حکومەت وەردەگرن. ئاشکراشی کرد، لە پڕۆژەیاسای 2027ی عێراقدا نرخی نەوت لەنێوان 50 بۆ 60 دۆلارجێگیر دەکرێت.
موزهر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: عێراق چوارەم وڵاتە لەسەر ئاستی جیهان لە رووی دەستوەردانی دەوڵەت لە چالاکیی ئابووری بەهۆی سروشتی کرێخۆرییەکەیەوە و مووچەی مانگانەی حکومی دەگاتە 7.7 تریلیۆن دینار و نزیکەی 10 ملیۆن هاووڵاتی مووچە وەردەگرن وەک فەرمانبەر، خانەنشین و ئەوانەی کە تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە.
کرێخۆریی کۆمەڵگەی عێراقی پەیوەندیدارە بە پشت بەستنی تەواو بە داهاتی نەوت، کە زیاتر لە 85%ی سەرچاوەی داهاتەکەیەتی.
بە گوتەی ئەو راوێژکارە، ئێستا عێراق سێ ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیلی بۆ هەناردە و یەک ملیۆن بەرمیلی دەدرێتە پاڵاوگەکان، لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا هەناردە زیاتر بووە و گەیشتووەتە زیاتر لە 2.5 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.
موزهر محەممەد ساڵح رایگەیاند، نرخی یەک بەرمیل نەوت لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027ی عێراق لەنێوان 50 بۆ 60 دۆلار دەبێت و تاوەکو ئێستاش بڕیارێک نییە بۆ ئەوەی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بگۆڕدرێت.
رۆژی پێنجشەممە محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە رووداوی راگەیاند، سزاکانی ئەمدواییەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، مەترسیان بۆ سەر کەرتی بانکیی عێراق دەبێت. بەلام راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت: "هیچ پەیوەندییەکی بانکی لە نێوان عێراق و ئێراندا نییە، هیچ مامەڵەیەکی پارەدانی ئەلیکترۆنی نییە؛ لە ساڵی 2011ەوە هیچ مامەڵەیەکی راستەوخۆی پارەدانی دۆلار لەگەڵ ئێراندا نییە."
سەبارەت بە یەدەگی دراوی عێراق، موزهر محەممەد ساڵح گوتی: "ئێستا یەدەگی دراوی عێراق لە دۆلار دەگاتە 78 ملیار دۆلار."




