رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە نرخی زێڕ پاشەکشەی کرد، دوای ئەوەی لە سەرەتای مامەڵەکاندا گەیشتە بەرزترین ئاستی سێ مانگی رابردووی خۆی.
ئێستا سەرنجی وەبەرهێنەران چووەتە سەر داتاکانی هەڵاوسانی ئەمریکا و ئەو گوتارەی کە بڕیارە کێڤن وارش، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، کۆتایی ئەم هەفتەیە پێشکەشی بکات.
نرخی زێڕ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا ئەمڕۆ 0.2% دابەزی و گەیشتە 4,640.39 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک. هاوکات نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا لە ئاستی 4,696.00 دۆلاردا جێگیر بوو.
تۆنی سایکامۆر، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی ( IG) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "پێشبینی دەکەین دابەزینەکانی نرخی زێڕ لەلایەن ئەو کڕیارانەوە وەک هەلی کڕین چاوی لێبکرێت، کە پێیانوایە نرخی زێڕ بەرزدەبێتەوە بۆ نزیکەی 4,900 و 5,000 دۆلار."
هەفتەی رابردوو نرخی زێڕ بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە، دوای ئەوەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، قەبارەی کڕینەوەی قەواڵە داراییە درێژخایەنەکان دوو هێندە زیاد دەکات. ئەم بڕیارە ترسی لای وەبەرهێنەران دروستکردووە سەبارەت بە دابەزینی بەهای دراو.
کۆمپانیای راوێژکاریی (تی دی سیکیوریتیز) لە یاداشتێکدا رایگەیاند، "ئەم ترسە لە دابەزینی بەهای دۆلار، وادەکات زێڕ لە هەفتەکانی داهاتوودا پاڵپشتییەکی باش بکرێت، لەبەر ئەوەی بانکی ناوەندی ئاماژەیەکی روونی نەداوە کە ئامادەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڵاوسانی بەرز."
لە بەشێکی دیکەی یاداشتەکەدا هاتووە، "هێشتا زووە بۆ ئەوەی نرخی کانزای زەرد بۆ ئاستی 5,350 دۆلار هەڵبکشێت، لەبەر ئەوەی ئەگەر هەیە لە کورتخایەندا رێژەی سوود بەرزببێتەوە، ئەگەر نرخی نەوتی خاو بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە."
یەکەمین گوتاری کێڤن وارش، سەرۆکی بانکی ناوەندی لە کۆنفرانسی ساڵانەی (جاکسۆن هۆڵ) کە بڕیارە ئەم هەفتەیە بەڕێوەبچێت، گرنگییەکی تایبەتی پەیدا کردووە. بازرگانان و شرۆڤەکاران چاوەڕێی ئاماژەکانی ئەون سەبارەت بە بازدانی ئەم دواییەی داهاتی بۆندەکان و دڵنیابوونەوە لە سەربەخۆیی بڕیارەکانی لە ئیدارەی ترهمپ.
بڕیارە رۆژی چوارشەممە راپۆرتی خەرجییەکانی بەکاربەر لە ئەمریکا بڵاوبکرێتەوە، کە گرنگترین پێوەری هەڵاوسانە لای بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتە.
لە رووی جیۆپۆلەتیکیشەوە، ئێران بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەی داوە بەرامبەر فراوانکردنی سزاکانی ئەمریکا، کە واشنتن دەڵێت بەهۆیانەوە شادەمارە ئابوورییەکانی تاران دەبڕێت.



