رووداو دیجیتاڵ
تۆڕی میدیایی رووداو، وردەکاریی رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵی 2027 بڵاودەکاتەوە. پشکی هەرێمی کوردستان بە 12.7% جێگیرکراوە، بەڵام ناردنی ئەو پشکە بە چەندین مەرج و پابەندییەوە بەستراونەتەوە.
جگە لەوەش، میکانیزمێک بۆ چارەسەرکردنی قەرزە کەڵەکەبووەکانی رابردوو لەنێوان هەولێر و بەغدا دانراوە.
بەگوێرەی رەشنووسی پڕۆژەیاساکە، کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، کۆی داهاتەکانی عێراق بە زیاتر لە 174 تریلیۆن دینار و خەرجییەکانیش بە زیاتر لە 217 تریلیۆن دینار خەمڵێندراوە. گرنگترین بڕگەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان لە مادەی 10ی پڕۆژەیاساکەدا هاتووە.
مادەی 10: پشک لەبەرامبەر پابەندیدا
رەشنووسی پڕۆژەیاساکە، پشکی هەرێمی کوردستانی بە رێژەی 12.7%ی "کۆی خەرجییە کردەییەکان (راستەقینە)" (دوای دەرکردنی خەرجییە سەروەرییەکان) دیاریکردووە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق تەنیا لە کاتێکدا مانگانە ئەو پارەیە دەنێرێت، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تەواوی پابەندی ئەم خاڵانە بێت:
1. رادەستکردنی نەوت: رۆژانە لانیکەم 400 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە رادەست بکات. ئەگەر هەناردەکردن لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە ئەستەم بوو، دەبێت ئەو بڕە رادەستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بکرێت بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی.
2. داهاتی نانەوتی: دەبێت سەرجەم داهاتە نانەوتییەکان رادەستی گەنجینەی گشتیی دەوڵەت بکرێن.
3. رادەستکردنی غاز: ئەو بڕە غازەی لە پێداویستیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان زیاترە، دەبێت رادەستی حکومەتی فیدراڵی بکرێت.
4. قەدەخەکردنی گرێبەستی نوێ: هەرێمی کوردستان بۆی نییە هیچ گرێبەستێکی نوێی نەوت و غاز واژۆ بکات، مەگەر لە رێگەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە بێت.
لە کۆتایی مادەکەدا بە روونی هاتووە، جێبەجێکردنی ئەم بڕگانە "مەرجە بۆ بەردەوامبوونی ناردنی پارە" بۆ هەرێمی کوردستان.
چارەسەرکردنی قەرزە کەڵەکەبووەکان
یەکێکی دیکە لە خاڵە گرنگەکانی پڕۆژەیاساکە، دانانی میکانیزمێکە بۆ چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
- قەرزەکانی 2004-2026: ئەو شایستە داراییانەی نێوان هەردوو حکومەت کە بڕەکەی بە 12 تریلیۆن و 775 ملیار دینار خەمڵێندراوە، بڕیارە لە سێ ساڵدا و بەپێی یاساکانی بودجەی ئەو ساڵانە چارەسەر بکرێن.
- قەرزی بانکی TBI: ئەو قەرزانەی هەرێمی کوردستان لای بانکی بازرگانیی عێراق (TBI) هەیەتی، بە شێوەی قیستی مانگانە لە پشکی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێن و لە ماوەی 3 ساڵدا دەدرێنەوە.
جگە لەمانە، پڕۆژەیاساکە چەندین بڕگەی دیکەی گرنگی لەخۆگرتووە، وەک دامەزراندنی هەمیشەیی کارمەندانی گرێبەست و تەرخانکردنی بڕی 1.5 تریلیۆن دینار بۆ پڕۆژەی ستراتیژیی "رێگەی گەشەپێدان".

