رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ یەکشەممە نرخی بیتکۆین بە جێگیری ماوەتەوە و یەک بیتکۆین بە نزیکەی 84 هەزار و 800 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
نرخی بیتکۆین لە چەند رۆژی رابردوودا بەرزبووەتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی داتاکانی هەلی کار لە ئەمریکا کەمتر بوون لە ئاستی پێشبینیکراو، ئەوەش پێشبینییەکانی بۆ هێشتنەوە یان کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە زیاتر کرد.
لە مانگی ئەیلوولدا خاوەنکارەکانی ئەمریکا تەنیا 29 هەزار هەلی کاریان رەخساندووە و رێژەی بێکاریش بۆ 4.2% بەرزبووەتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ خاوبوونەوەی بازاڕی کار لەو وڵاتەدا. بە شێوەیەکی گشتی، کەمبوونەوەی رێژەی سوودی بانکی پاڵپشتی لە سەرمایە پڕمەترسییەکانی وەک بیتکۆین دەکات، لەبەر ئەوەی خواست بۆ وەبەرهێنانە نەریتییەکان کەم دەکاتەوە.
نرخی بیتکۆین لە چەند رۆژی رابردوودا ئاستی 85 هەزار دۆلاری تێپەڕاندووە و تەنانەت ئاستی 87 هەزار دۆلاریشی تاقیکردووەتەوە، کە پسپۆڕان وەک ئاستێکی گرنگی بەرگری لە بازاڕدا دەیبینن.
مات مێنا، پسپۆڕی ستراتیژی لە کۆمپانیای (21shares) لەو بارەیەوە رایگەیاندووە، تێپەڕاندنێکی روون و بەهێزی ئاستی 87 هەزار دۆلار دەتوانێت رێگە خۆش بکات بۆ گەیشتن بە 90 هەزار دۆلار و ئەگەری هەیە تاوەکو 97 هەزار دۆلاریش بەرزببێتەوە.
هاوکات لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا، سندووقەکانی وەبەرهێنان لە بیتکۆین سەرکەوتوو بوون لە راکێشانی نزیکەی 7 ملیار دۆلار، ئەوەش وەک هۆکارێکی دیکەی پاڵپشتی بۆ بەرزبوونەوەی ئەو دراوە دیجیتاڵییە هەژماردەکرێت.



