رووداو دیجیتاڵ
پڕۆژەیاسایەک بۆ هەمواری پلەبەندیی مووچەی فەرمانبەران دەدرێتە سەرۆکایەتیى پەرلەمانى عێراق. لەو پڕۆژەیاسایەدا پێشنیازی ئەوە کراوە کە لە سێ ساڵدا گۆڕانکاری لە مووچەدا بکرێ، بە جۆرێک کەمترینى 400 هەزار دینار و زۆرترینی 2.5 ملیۆن دینار بێ.
ئەو پڕۆژەیاسایە بە ناوی (هەموارکردنی پلەبەندیی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەتی عێراق)ە، کە عودەی عەواد، سەرۆکی فراکسیۆنی سادیقوون بە زیاتر لە 40 واژۆی پەرلەمانتارەوە پێشکێشی سەرۆکایەتیى پەرلەمانی کردووە.
بەگوێرەی پڕۆژەکە، ئامانج لەم هەنگاوە هێنانەدیی دادپەروەرییە لەنێوان فەرمانبەران، نەهێشتنی جیاوازیی مووچە و دەرماڵەی نێوان وەزارەت و دەستەکان، هەروەها گونجاندنییەتی لەگەڵ بژێویدا.
پلەی وەزیفیی فەرمانبەران لەو پڕۆژەیاسایەدا بە 10 پلە دیاریکراوە. دوایین پلە بە جۆرێکە کە مووچەی بنەڕەتییەکەی 400 هەزار دینارە و بەرزترینیشیان کە پلە یەکە، مووچەی بنەڕەتیی 2 دوو ملیۆن و 500 هەزار دینارە.
ئەوەی پەیوەندیدارە بە دەرماڵەوە، لە پڕۆژەیاساکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە دەرماڵەی خاوەن بڕوانامەی دکتۆرا 30%ی مووچەی بنەڕەتی بۆ تێکڕای مووچەکەی زیاد دەکرێ، ماستەر 20% و بەکالۆریۆس 15% دەبێت.
دەرماڵەی مەترسی دەگاتە 50% بەگوێرەی سرووشتی ئەو شوێنەی فەرمانبەرەکە کاری تێدا دەکات.
دەرماڵەی شوێنی جوگرافیش وەها دیاریکراوە کە فەرمانبەری ناوچە دوورەکان 20% و ناوچە مەترسیدارەکان 30%ی مووچەی بنەڕەتیی فەرمانبەرەکە بێت.
سەرمووچەی فەرمانبەران سێ ساڵ جارێک دەبێت، لەکاتێکدا ئێستا بە چوار بۆ پێنج ساڵ جارێکە بەگوێرەی پلەی فەرمانبەرەکە.
بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە، نابێت بەرزترین مووچە لە دەوڵەتدا 10 هێندە کەمترین مووچە بێت، بەو پێیە نابێت لە چوار ملیۆن دینار تێپەڕ بکات.
یەکێک لە پرسەکانی دیکە کە لە پڕۆژەکەدا باس کراوە، پەیوەندیدارە بە ئیمتیازاتی تایبەتەوە، کە دەبێت سەرجەم دەرماڵە تایبەت و نایاساییەکان هەڵبووەشێنرێنەوە، مووچەی دەرەوەی پلەبەندیی مووچە نەمێنێت و کۆتایی بە دووموچەیی بهێندرێ.
هەروەها لە پڕۆژەکەدا داوا کراوە کە مووچە ببەسترێتەوە بە سیستمێکی هەڵسەنگاندنی ساڵانە کە چەند رێکار و ئاماژەیەک دەگرێتەوە، لەوانە ئاستی بەرهەم، توانا، ئاستی پابەندی، دەستکەوت، پلەبەرزکردنەوە، پاداشت، ئاگادارکردنەوە، راگرتنی سەرەمووچە.
یەکێک لە مادەکانی دیکە کە پێشنیاز کراوە ئەوەیە کە پلەبەندیی مووچە ببەسترێتەوە بە پێنوێنی ساڵانەی هەڵاوسان کە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە دەردەچێت، بۆ گەرەنتیکردنی پاراستنی توانای فەرمانبەران لە کڕیندا.
جێبەجێکردنی پڕۆژەیاساکە بە سێ قۆناخ و بە سێ ساڵ دەبێت: ساڵی یەکەم یەکخستنی پلەبەندیی مووچە، ساڵی دووەم هەمواری جیاوازییەکان، ساڵی سێیەم سەقامگیرکردنی سیستمی مووچە.
پڕکردنەوەی پابەندییە داراییەکانی جێبەجێکردنی ئەو یاسایە بەستراوەتەوە بە چەند هەنگاوێک کە بریتین لە کەمکردنەوەی بەهەدەردانی پارە، هەڵوەشاندنەوەی ئیمتیازات، چاکسازی لە مووچەی پلە باڵاکان و رێگری لە دامەزراندنی هەڕەمەکی.
ئەو پێشنیازە یاساییە بەر لەوەی بنێردرێ بۆ سەرۆکایەتى پەرلەمان، دراوە بە لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی بۆچوونی خۆیان لەبارەیەوە بدەن.
بەگوێرەی نووسراوێکى رێبوار هادی، سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمان، ئەو پڕۆژەیاسایە پێویستی بە رەزامەندیی حکومەتە بەر لەوەی رێکارەکانی یاسادانان و دەنگدان لەبارەیەوە لە پەرلەمان ئەنجام بدرێ، بەوپێیەی پابەندیی دارایی هەیە.




