رووداو - هەولێر
ئەمڕۆ بەهای دینار بەرزبووەوە و 100 دۆلار دابەزی بۆ کەمتر لە 154 هەزار دینار. هەروەها تمەن ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکرد و 100 دۆلار گەیشتە 20 ملیۆن تمەن.
رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "20 ملیۆن تمەن بە حەواڵە بە 100 دۆلار فرۆشرا، بەڵام ئێستا کەمێک بەهای بۆ گەڕاوەتەوە و 100 دۆلار بە 19 ملیۆن و 800 هەزار تمەنە، لەکاتێکدا دوێنێ بە حەواڵە 100 دۆلار 18 ملیۆن تمەن بوو".
ئەو کاسبکارەی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی گوتی: "تمەن بە نەختی بکڕیت 100 دۆلار بە 19 ملیۆن تمەنە، بەگشتی دراوەکە بەشێکی دیکەی بەهای لەدەستداوە".
بەهای دینار بەرزبووەوە
ئەمڕۆ لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە شاری هەولێر، 100 دۆلار بە 153 هەزار و 450 دینار دەفرۆشرێت.
رەوەز میرزا گوتی: "لە سلێمانی 100 دۆلار بەرامبەر 153 هەزار و 600 دینارە، بەراورد بە دوێنێ بەهای دینار بەرزبووەتەوە، دوێنێ 100 دۆلار بە 154 هەزار و 500 دینار بوو".
ئەو کاسبکارەی دراو هۆکاری بەرزبوونەوەی بەهای دیناری گێڕایەوە بۆ "هێوربوونەوەی دۆخی ناوچەکە و ئارامتربوونەوەی دۆخی عێراق؛ چونکە هەر بەوانەش بەهای دینار دادەبەزێت".


