رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە فەرمی لیستی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەرانی رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرد، ئەمەش بە مەبەستی دەستپێکردنی وردبینی و خەرجکردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری، رۆژی یەکشەممە، 23ی ئابی 2026، تیمی تەکنیکی وەزارەتەکە لیستی مووچەی مانگی ئاب (8)ی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیان رادەستی فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کردووە.
هاوکات لەگەڵ لیستی مووچەکەدا، تیمی تەکنیکی هەرێمی کوردستان راپۆرتی "تەرازووی پێداچوونەوە"ی دارایی مانگی تەمووز (7)ـیشیان رادەستی لایەنی پەیوەندیدار لە بەغدا کردووە، کە وردەکاریی تەواوی خەرجی و داهاتەکانی ئەو مانگەی تێدایە.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئامانج لە رادەستکردنی ئەم لیست و راپۆرتانە لە ئێستاوە، بۆ ئەوەیە پڕۆسەی وردبینیکردن خێرا بکرێت و شایستە داراییەکانی مووچەخۆران بەبێ دواکەوتن لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە دابین بکرێت.


