رووداو دیجیتاڵ
لەم هەفتەیەدا، بازاڕە داراییەکانی جیهان شایەتی وەرچەرخانێکی مێژوویی بوون؛ تێیدا نرخی بیتکۆین و زێڕ بەشێوەیەکی کتوپڕ و خێرا بەرزبوونەوە و ئەوەی روویدا دەرەنجامی زنجیرەیەک بڕیاری دارایی و سیاسی بوو لە واشنتن، کە وایکرد وەبەرهێنەران متمانەیان بە دۆلار و قەواڵە داراییەکان کەمببێتەوە و روو لەم دوو سەرمایە جێگرەوەیە بکەن.
بۆ تێگەیشتن لە گەورەیی ئەم بازدانە، دەبێت ئاماژە بەوە بکرێت کە بیتکۆین لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا گەیشتبووە نزیکەی 95,000 دۆلار، بەڵام لە کۆتایی مانگی حوزەیراندا بۆ خوار 60,000 دۆلار داڕما؛ ئەوەش بەهۆی ترسی وەبەرهێنەران لە جەنگی ئێران و ئەمریکا. هاوکات زێڕیش کە لە مانگی یەکدا گەیشتبووە سەروو 5,500 دۆلار، لە مانگی شەشدا بۆ خوار 4,000 دۆلار دابەزیبوو. بەڵام رۆژی هەینی، 21ـی ئابی 2026، بیتکۆین گەیشتەوە سەروو 77,000 دۆلار و زێڕیش بۆ 4,661 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک بەرزبووەوە.
لێرەدا وردەکاریی ئەو چوار هۆکارە سەرەکییە دەخەینەڕوو، کە بوونە بزوێنەری ئەم وەرچەرخانە:
دەستوەردانی وەزارەتی گەنجینە؛ گۆڕینی هاوکێشەی قەرز
رۆژی چوارشەممە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکی کتوپڕدا ئاشکرایکرد، قەبارەی کڕینەوەی قەواڵە داراییەکانی (قەرزە حکومییە درێژخایەنەکان) لانیکەم دوو هێندە زیاددەکات. ئەمە بەواتای ئەوە دێت کە حکومەت خۆی دەبێتە کڕیاری قەرزەکانی خۆی بۆ ئەوەی رێگریی لە بەرزبوونەوەی سوودی بانکی بکات.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینە، بەم هەنگاوە دەیەوێت تێچووی قەرزکردن دابەزێنێت، بەڵام ئەم کارە مەترسیی هەڵاوسانی لێدەکەوێتەوە. کاتێک وەبەرهێنەران هەستیانکرد کە حکومەت پارەی زیاتر دەخاتە بازاڕەوە، ترسیان لێنیشت کە بەهای دۆلار دابەزێت، بۆیە وەک پەناگەیەک روویان لە کڕینی زێڕ و بیتکۆین کرد.
ریکۆردی قەرزی 40 تریلیۆن دۆلاری
لەهەمان رۆژدا، قەرزی نیشتمانیی ئەمریکا هێڵێکی سووری تێپەڕاند و گەیشتە 40 تریلیۆن دۆلار. ئەمە تەنیا پێنج مانگ دوای ئەوە دێت کە قەرزەکە گەیشتبووە 39 تریلیۆن. زیادبوونی ئەم قەرزە زەبەلاحە لەتەک جەنگی ئێران و گرانبوونی نرخی وزە، وایکرد وەبەرهێنەران پەنا بۆ "بازرگانیی دابەزینی بەها" (Debasement Trade) بەرن.
ئەم دەستەواژەیە کاتێک بەکاردێت کە خەڵک سامانی خۆیان لە دراوە کاغەزییەکان دەردەهێنن و دەیگۆڕن بۆ زێڕ یان بیتکۆین، چونکە بڕوایان وایە حکومەت بەهۆی زۆریی قەرزەوە ناتوانێت بەهای دراوەکەی بپارێزێت. تەنیا لەم هەفتەیەدا، بیتکۆین بەتەنیا زیاتر لە 20%ـی بەهای خۆی زیادیکردووە.
سەردەمی زێڕینی کریپتۆ لە کۆشکی سپی
دۆناڵد ترەمپ، کە خۆی ساڵی رابردوو نزیکەی 1.2 ملیار دۆلار داهاتی لە دراوە دیجیتاڵییەکان هەبووە، رۆژی چوارشەممە لە کۆشکی سپی پێشوازی لە گەورە کارسازانی ئەم بوارە کرد. ترەمپ داوای لە کۆنگرێس کرد بەپەلە "یاسای روونی" (Clarity Act) پەسندبکەن، کە ئامانج لێی نەهێشتنی کۆسپە یاساییەکانە لەبەردەم کۆمپانیاکانی دراوی دیجیتاڵی.
ئەم گۆڕانکارییە لە سیاسەتی ئەمریکا و پشتگیریی مایک سێلیگ، سەرۆکی کۆمیسیۆنی بازرگانیی کاڵاکان (CFTC) بۆ ئاسانکاریی یاساکان، دڵنیاییەکی زۆری بە وەبەرهێنەران دا کە ئەمریکا دەیەوێت ببێتە ناوەندی جیهانیی دراوە دیجیتاڵییەکان، ئەمەش وایکرد سەرمایەیەکی یەکجار زۆر بڕژێتە ناو بازاڕی بیتکۆین.
گەردەلوولی "شۆرت سکویز"؛ تێکشکانی گرەوکارە رەشبینەکان
بۆ چەندین هەفتە، وەبەرهێنەرە رەشبینەکان گرەویان لەسەر ئەوە کردبوو کە بیتکۆین لەنێوان 62,000 بۆ 67,000 دۆلاردا دەمێنێتەوە، بەڵام کاتێک بیتکۆین بەربەستی 67,000 دۆلاری تێکشکاند، ئەو وەبەرهێنەرانەی گرەوی دابەزینیان کردبوو، تووشی زیانی گەورە بوون و ناچاربوون بەهەر نرخێک بێت بیتکۆین بکڕنەوە تاوەکو رێگریی لە زیانی زیاتر بکەن.
ئەم پرۆسەیە کە لە ئابووریدا بە (Short Squeeze) دەناسرێت، وەک سووتەمەنی نرخەکەی زیاتر بەرەو سەرەوە پاڵپێوەنا. بەپێی ئامارەکانی دامەزراوەی (کۆین گڵاس)، تەنیا تاوەکو رۆژی هەینی زیاتر لە چوار ملیار دۆلار لەو گرەوانەی کە دژی بەرزبوونەوەی نرخ بوون، لەناوچوون و تێکشکاون، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بیتکۆین یەکێک لە باشترین هەفتەکانی مێژووی خۆی تۆماربکات.


