رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان دەڵێ، ئەو فەرمانبەرانەی ئەم ساڵ خانەنشین بوون، مووچەی چوار بۆ پێنج مانگیان راگیراوە.
سادق شێخ عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە 22ـی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەر فەرمانبەرێک ئەم ساڵدا خانەنشین بووبێت، بەهۆی دواکەوتنی مامەڵەکەیەوە چوار بۆ پێنج مانگ مووچەی پێ نەدراوە. کاتێک مووچەیشی بۆ بەستراوە، یەک مووچەی پێدراوە".
گوتەبێژی یەکێتی خانەنشینان گوتی: "بەگوێرەی یاسا، کاتێک کەسێک خانەنشین دەبێت و بەهۆی مامەڵەکەیەوە وەرگرتنی مووچەی دوادەکەوێ، دەبێت کە مووچەی بۆ بەسترا ئیدی هەموو مووچەکان پێکەوە وەربگرێ. ئەم خاڵە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکراوە و ئەوانەی مووچەشیان بۆ بەستراوە، مووچەی چوار بۆ پێنج مانگیان راگیراوە".
سادق شێخ عوسمان ئاماژەی بەوەکرد: "بۆ داواکردنی مووچەی دواکەوتووی خانەنشینان و چەند مافێکی دیکەمان، سبەی لە بەردەم باخی گشتی لە سلێمانی کۆدەبینەوە و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا پەیامی خۆمان دەگەیێنینە حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان".
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 170 هەزار خانەنشینی شارستانی هەن؛ هەروەها زیاتر لە 70 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن.



