رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی سزای ئابووری لە هاوبەشە بازرگانییەکانی ئێران کرد، نرخی نەوت رۆژی هەینی بەرزبووەوە.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 61 سەنت بەرزبووەوە و بەرمیلێکی بە 94.39 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 23 سەنت بەرزبووەوە و بە 87.06 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەکرا.
لەم هەفتەیەدا، نرخی نەوتی برێنت بە رێژەی 6.39% و نرخی نەوتی تەکساس بە رێژەی 5.66% بەرزبوونەتەوە. نرخەکانی نەوت لە بەرزترین ئاستی خۆیاندان لە دوای مانگی 7ـەوە.
جۆن کیڵدۆف، دامەزرێنەری کۆمپانیای (ئێگەین کاپیتاڵ) لەو بارەیەوە دەڵێت: "سزاکان تاکە شتن کە رەنگە ئێران بەچۆکدا بهێنن."
رۆژی هەینی ئێران رایگەیاند، وەڵامەکەی بۆ هەر هەڕەشەیەکی نوێی ئەمریکا وێرانکەر دەبێت؛ ئەوەش دوای ئەوەی واشنتن بەڵێنیدا توندترین سزای دارایی لە مێژوودا بەسەر ئەو وڵاتەدا بسەپێنێت بە ئامانجی رووخاندنی سەرکردایەتیی ئێران.
کریسپوس نیاگا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (ئیف ئێکس ئیمپایەر) دەڵێت: "رەنگە کاریگەریی توندکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران لە ماوەی کورتخایەندا سنووردار بێت، چونکە هەناردەی نەوتی ئێران پێشتر بەهۆی گەمارۆی دەریایی ئەمریکاوە زۆر کەمی کردووە."
ئەو شرۆڤەکارە ئاماژە بەوەش دەکات، زیادبوونی رووداوەکانی کەشتیوانی و تۆڵەسەندنەوە لە سزا ئابوورییەکان دەکرێت دۆخەکە خراپتر بکات، لە کاتێکدا کە هاتووچۆ لە تەنگەی هورمزدا زۆر لە خوار ئاستی ئاساییەوە ماوەتەوە.
فیل فلین، شرۆڤەکارێکی دیکەی بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای (پرایس فیوچەرز گرووپ) پێیوایە، لە کاتێکدا هورمز لەژێر گوشاردایە، رێگەی جێگرەوە و سەرچاوەی دیکەی دابینکردن دەدۆزرێنەوە.
فلین لە تێبینییەکدا بۆ وەبەرهێنەران و بازرگانان دەڵێت: "تەنگەی هورمز هێشتا کێشەیە، بەڵام چیتر تەنیا باسەکە ئەوە نییە. بۆرییە جێگرەوەکان، نەوتی بەردینی ئەمریکا، بووژانەوەی نەوتی ڤەنزوێلا و ئیمارات کە هیچ کۆتوبەندێکی لەسەر نییە، هەموویان بەرمیلە نەوتی زیاتر بۆ بازاڕ زیاد دەکەن."
نرخەکانی نەوت بەهۆی نیگەرانی لە کەمکردنەوەی خستنەڕوو لەلایەن بەرهەمیهێنەرە سەرەکییەکانی وەک سعوودیە، عێراق، ئیمارات و کوێت بەرزبوونەتەوە.
رێککەوتنی ئاشتیی پێشووی نێوان ئەمریکا و ئێران لەم هەفتەیەدا کۆتایی هات، بەبێ ئەوەی هیچ لایەنێکیان هەوڵێک بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان بدەن.



