رووداو دیجتاڵ
زیاتر لە 6 ملیار دۆلاری پارەی گازی ئێران لە بانکی بازرگانیی عێراق (TBI) خەوێندراوە؛ نە ئێرانی گەمارۆدراو دەستی پێی دەگات و نە عێراقی قەرزدار دەتوانێت بۆ مەبەستی دیکە بەکاری بهێنێت.
ئێران بە فەرمی
داوای گەڕاندنەوەی قەرزی گازی نێردراو بۆ عێراق دەکاتەوە. ئەحمەد تورکی، گوتەبێژی
وەزارەتی کارەبای عێراق لەبارەی ئەم داواکارییە بە رووداوی راگەیاند:
"بەدڵنیاییەوە بە فەرمی داوای ئەو قەرزەیان کردووەتەوە کە لەسەر وەزارەتە.
پێمان گوتن پارەکە لە بانکی TBI گلدراوەتەوە، بەهۆی ئەو سزایانەی ئێران بەدەستیانەوە
دەناڵێنێت."
لە بەرامبەر
گوشارە بەردەوامەکانی تاران بۆ گەڕاندنەوەی شایستە داراییەکانی، بەغدا هەوڵ دەدات
بەبێ کەوتنە ناو سزاکانی واشنتن، لە رێگەی هەناردەکردنی دەرمان، خۆراک و
حەواڵەکردنی ناڕاستەوخۆی پارە بۆ وڵاتانی سێیەم، قەرزەکەی بداتەوە.
محەممەد حەنون،
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەربارەی بژاردەکانی بەردەم بەغدا بە رووداوی
گوت: "لایەنەکانی کەرتی ئابووری و بانکی کۆمەڵێک بژاردەیان لەپێشە؛ رێککەوتن
لەگەڵ لایەنی ئێرانی و لایەنی نێودەوڵەتی دەکرێت لەبارەی چۆنیەتیی ناردنی پارەی
گازەکە بۆ ئێران. ئێمە کۆمەڵێک رێوشوێنمان گرتووەتەبەر بە ئامانجی ئەوەی عێراق
نەکەوێتە سزاکانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەوە."
سەرەڕای
کەڵەکەبوونی ئەو قەرزە زۆرە، ئێران هێشتا رۆژانە نزیکەی 20 ملیۆن متر سێجا گاز
هەناردەی عێراق دەکات، ئەمەش وا دەکات قەرزی زیاتر لەسەر حکومەتی عێراق بنیشێت.
عێراق لە نێوان
گوشارەکانی تاران بۆ وەرگرتنەوەی شایستەکانی و هێڵە سوورەکانی واشنتن لەسەر پەتی
باریک یاری دەکات، چونکە هەر هەڵەیەک لەم کێشمەکێشەدا، مەترسیی ئەوەی هەیە بەشێکی
زۆری وڵاتەکە بەتەواوەتی بباتە ناو تاریکی و بێکارەباییەوە.


