رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت گەیشتە بەرزترین ئاستی دوو مانگ و 91 دۆلاری بۆ هەر بەرمیلێک تێپەڕاند.
ئەمڕۆ سێشەممە نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت 62 سەنت، یاخود 0.7%، بەرزبووەوە و گەیشتە 91.49 دۆلار. ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی نەوتی برێنتە لە 30ی تەممووزەوە.
نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکاش 75 سەنت بەرزبووەوە و گەیشتە 85.25 دۆلار، کە بەرزترین ئاستییەتی لە 31ی تەممووزەوە.
بەرپرسێکی باڵای ئێرانی رۆژی دووشەممە بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، ئێران ستراتیژییەتی سەربازیی خۆی بۆ دۆخێکی "تەواو هێرشبردن" دەگۆڕێت، چونکە هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە کۆتاییهێنانێکی هەمیشەیی بە جەنگەکە وەستاون.
ئەمە لەکاتێکدا دێت کە دانوستاندنەکانی ئاشتی و دەستپێکردنەوەی هاتووچۆی کەشتییە نەوتییەکان لە تەنگەی هورمزی ستراتیژیدا هیچ پێشڤەچوونێکیان لێ بەدی نەکراوە، ئەمەش نیگەرانیی درێژبوونەوەی گرژییەکانی دروستکردووە لەنێوان ئێران و ئەمریکا.
تیم واتەرەر، سەرۆکی شرۆڤەکارانی بازاڕ لە کۆمپانیای KCM دەڵێت، "نرخی نەوت لە سەرەتای هەفتەدا بەرزبووەوە، چونکە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران ناجێگیرتر دەردەکەون."
هەر ئەمڕۆ سێشەممە مووشەکێک بەر کەشتییەک کەوت کە لە تەنگەی هورمزەوە تێدەپەڕی، ئەمەش نوێترین هێرشە لە زنجیرە هێرشەکانی ئەم دواییە.
لە لایەکی دیکەوە، حووسییەکانی یەمەن رایانگەیاند کە هێرشی مووشەکییان کردووەتە سەر کەشتییەکی سەربازیی سعودیە و چوار کەشتیی یاوەری لە دەریای سوور.
سوڤرۆ سارکار، بەرپرسی توێژینەوەی وزە لە بانکی DBSـی سەنگاپووری پێشبینی دەکات تاوەکو چارەکی چوارەمی ئەم ساڵ و تەنانەت تاوەکو ساڵی 2027، ئەگەری نەگەیشتن بە هیچ جۆرە رێککەوتنێک کاریگەریی لەسەر نرخی نەوت هەبێت و نرخ لە نێوان 80 بۆ 100 دۆلاردا بمێنێتەوە.



